چەرخی دوون پەروەر ھەمیشە یارمەتیی نادان ئاکا
مەردی دانا دوونە ناو جەرگی لە داخا ژان ئەکا
عەسری نووری پێ ئەڵێن بەم دەورە مەنحووسە کە چی
ھەر لە دەوری پیسی چەنگیز و ھولاکۆ خان ئەکا
دڵ بە جارێ بوون بە بەرد و ڕەحم و شەفقەت تێپەڕی
شێتە ئەو شەخسەی ئومێدی ڕەئفەت و ویجدان ئەکا
ناوی دین کوژرایەوە، لادینییان ھێنایە جێ
ھەرچی ئەیبینی خەریکە پەیڕەوی شەیتان ئەکا
دینی ئیسلام بێ موسەمما حوکمی شەرعی نا ڕەواج
ئەھلی دین ئەمڕۆ تەمەننای مردن و ئیمان ئەکا
حەق نەما، مۆدەی بەسەر چوو مروەت و ئینساف و عەدڵ
ئەو کەسە مەقبووڵە زوڵم و ئیفترا و بوختان ئەکا
پیاو سەری سوڕ ماوە، عاقڵ شوێن و ڕێی لێ تێک چووە
وەزعی دونیا وایە، دانا شێت و سەرگەردان ئەکا
خولق و خووی عالەم ھەموو شکڵێکی کەی وەرگرتووە
ئەو کەسەی چاکەی لەگەڵ کەی، دوژمنیی ئینسان ئەکا
ئەو زەواتانەی کە خۆیان زۆر بە چاک پیشان ئەدا
غاڵبەن خوویان لە خوویی عەقرەب و سەعبان ئەکا
ئەو کەسەی ھێندێ ئەیانوت موشفیقە بۆ قەومی خۆی
ئێستە ئەیبینم کە ماڵی قەومەکەی وێران ئەکا
کەر لەگەڵ ئەسپی کەحێلە دێتە مەیدانی مەساف
بزنەکێوی وا لەگەڵ شێر ئارەزووی زۆران ئەکا
کوندەبوو ئەوسا کە جێگەی قوژبن و وێرانە بوو
سەیری کە! ئێستا لەگەڵ قووش جیلوە و جەولان ئەکا
قەل لە جێی بازا ئەبینم بووتە سەردار و ڕەئیس
گورگی ھار ئەمڕۆ لەجێی شوان سەرپەرشتیی ڕان ئەکا
مامە ڕێوی بوو بە دەفتەرداری گۆشت و دووگی چەور
مشکی برسی وا سەپانی ڕزقی سەر خەرمان ئەکا
گۆخڵی چەڵتووک درایە دەس یەکانەی کۆنە ساڵ
ھووڵە ئاودێری گوڵاڵە و سونبول و ڕێحان ئەکا
دەورە وایە بایەقوش لافی ھومایی لێ ئەدا
گوربە خۆی گۆڕیوە داوای جێگەیی شێران ئەکا
پیاوەتی نایابە شاھۆ! ڕۆژی سوپڵە و ھەرزەیە
ھەر کەسێ پیاو بێ بەڕاستی خۆی لە خەلق پەنھان ئەکا