سەروەری عالەم ئەلا ئەی مەتلەعی نووری خوا
سەیدی گشتی بەشەر سوڵتانی خێڵی ئەنبیا
شەھسواری لەیلەیی ئەسرا و سەرداری ئومەم
شافیعی جوملەی گونەھکاران لە دیوانی جەزا
واسیتەی نوتقی بەعیر و ئاھوو و زەب و درەخت
تائیری ئەوجی تەدەللا، شاھی بورجی قد دنا
ئەی کە سورمەی چاوی بازت کوحلی مازاغ البصر
وەی کە میحرابی دوو ئەبرووت سوجدەگای ئەھلی سەما
کەوتە تەسبیحات لە دەستا زیخی سەحرا ئاشکرا
جەزعی نەخلە بۆ فیراقت ھاتە ھاوار و بوکا
تۆ بە ئیمای پەنجەیێکت قورسی بەدرت پارە کرد
ئەی وجوودت واسیتەی ئیجادی جوملەی ماسیوا
ئاگرت بەردایە خانەی دینی نەسرانی و یەھوود
ئەو دەقیقەی تۆ موخاتەب بووی بە سوورەی کاف ھا
ئایەتی و الليل لەسەر تەعریفی گێسووت ھاتە خوار
باسی بێ میسلی جەمالی تۆیە سوورەی وَالضُحىٰ
شاھیدی بەرزی مەقامی تۆیە قورئانی عەزیم
ھەر لە بای بسم اللهوە تا ناس و سورەی هل أتا
ھەر لە ئادەم تا دەگاتە یوونس و عیسا و نووح
موژدەچی تەشریفی تۆ بوون ئەنبیایی مامضىٰ
سایەبانی سەر سەرت شەھباڵی شاھی جەبرەئیل
جاڕوویی بەر خاکی ڕێت کاکۆڵی چەند حۆری لەقا
واقیعەن تۆ خاتەمی پێغەمەران بوویت و وەلێ
ئەو دەمەی تۆ بووی نە ئادەم بوو نە باقی ئەنبیا
یا ڕەسوولەڵا دەخیلت بم، زەلیل و بێ کەسم
غەیری قاپی لوتفی تۆ دەستم لە ھەر لایەک بڕا
شەرمەسار و خوار و عوسیان بار و بەدکارم وەلێ
دەست و پێم بەسراوە وا کەوتوومە بەر داوی بەڵا
نەفس و شەیتانی لەعینم وا بەسەرما زاڵمن
دەوریان داوم بە داییم میسلی شێر و ئەژدەھا
موستەحەقی قەترەیەک ڕەحمم لە دەریای لوتفی تۆ
نابێ مەئیووسم بکەی ئەی شاھی با عەدل و سەفا
کەلبی دەرگای خۆتە شایق مولتەجی نابێ بە کەس
سا بە ھاواریۆ وەرە قوربان ئەتۆ و زاتی خوا