ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٣. دوڵبەرم دیسان بە عیشوە شۆڕشێ بەرپا ئەکا
دوڵبەرم دیسان بە عیشوە شۆڕشێ بەرپا ئەکا
بۆ شکاری عاشقانی خۆی بە چاو دەعوا ئەکا
سەف بە سەف تابووری ئەگریجەی لەگەڵ موژگانی چاو
حازری جەنگە کە گۆیا موڵکی دڵ یەغما ئەکا
بەرگی سووری حەربی پۆشیوە نیگاری سەنگ دڵ
مەیلی خوێن ڕێژی دڵانی شیفتەی شەیدا ئەکا
لاش لەسەر لاش عاشق و بێ گیان لە جێگە کەوتووە
ئەو دەمەی یارم بە گۆشەی چاو، بە ناز ئیما ئەکا
خۆ کە جارجار چاوی ھەڵ دەبڕێ بە سەد ئەفسوون و ناز
شێخی ئیرشاد شیفتەی دوو نەرگسی شەھلا ئەکا
کاتێ کە دێتە ئارەزووی تاڵانی دڵ
ھەر دەڵێی جەنڕاڵی ڕووسە و ئیدیعای بەغدا ئەکا
موعجیزاتێکی عەجیبە ناز و عیشوەی دوڵبەرم
مەیلی بێ ئیسلام و کافر یەک بە یەک ڕیسوا ئەکا
ڕۆژ لە داخا زەرد ئەبێ وەختێ کە بینیی ڕووی نیگار
مانگ لەبەر شوعلەی جەمالی بێ موحابا ڕا ئەکا
چاو کەژەڵ ئەبرۆ کەشیدە و گوڵ عوزار و مەھ جەبین
قامەتی خۆ مەحشەرێک بۆ عاشقان بەرپا ئەکا
گەردنی مینایی مەی سینەی وەکوو سەفحەی بلوور
مەمکی فنجانی لە لیمۆی باخی ڕۆح ئەفزا ئەکا
شەوقی مرواری ددانی یار لە کاتی پێ کەنین
ھەر لە برق و باقی شوعلەی لوئلوئی لالا ئەکا
شەھریاری خێڵی جوانانە لە دەرحەق عاشقان
دائیمەن ھەر حەز لە ناز و کیبر و ئیستغنا ئەکا
زاڵمێکی دڵ ڕەق و لە خوا نەترسە و پڕ جەفا
بێ وەفایێکە بە عالەم لەعب و ئیستھزا ئەکا
عاشقی دێوانە کرد، پێکای بە گۆشەی نیم نیگا
بۆیە وا ھەر شیوەن و فەریاد و واوەیلا ئەکا
وا لە ئەحواڵی فەنادا شایقت مەنسوور وار
گاھێ «یا لەیلا» ئەڵێ، گاھێ «أنا الليلي» ئەکا

پەراوێز edit