ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٤٨. ناچنە سەر دینی مولحید کورد موسڵمانن ھەموو
ناچنە سەر دینی مولحید، کورد موسڵمانن ھەموو
خاوەنی ئایینی پاک و دین و ئیمانن ھەموو
گەر لە سەد نیوەی بکەونە شوێنی بیری لار و چەوت
خۆ ئەوانی کەی موتیعی حوکمی قورئانن ھەموو
خۆ بە عەبدی خوا ئەزانن ئوممەتی فەخری ئەنام
موخلیسی پێغەمبەران و ئەنبیایانن ھەموو
چاکترینی ئوممەتن ئەمڕۆ لەگەڵ ئیسلامی ڕاس
موئمینێکی ڕێک و ڕاستی زاتی یەزدانن ھەموو
ھەوڵ ئەدەن بۆ سەربەخۆیی بۆ ژیانێکی شەریف
بۆ سنووری موڵکی خۆیان پاسەوانانن ھەموو
پیاو و ژن، گەورە و بچوک، بۆ تۆڵە سەندن حازرن
دەس بە تیر و خەنجەر و شمشێر و قەڵغانن ھەموو
مستە خۆڵێکی وەتەن نادەن بە دوژمن بیشمرن
بۆ دیفاعی مافی خۆیان قۆچی قوربانن ھەموو
تۆڵەسێنی خوێنی پاکی ئەو شەھیدانەن کە وا
ئێستەکەش زیندوون و گیانی پاکی کوردانن ھەموو
کارەساتی وەحشیانەی دەرسم و دیاربەکر و وان
نەقشی ناوجەرگ و دڵی سووتاو و بوریانن ھەموو
کردەوەی پیسی گەماڵ وای کرد لە کورد، شاھۆ کە وا
ئێستە تینووی ھەڵ مژینی خوێنی توورانن ھەموو

پەراوێز edit