ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٣٩. وەختی کردوبردە کاکە تەرکی تێکۆشان مەکەن
وەختی کردوبردە، کاکە تەرکی تێکۆشان مەکەن!
دەرفەتە باوەڕ بە فیشاڵی درۆی گوێ پان مەکەن
خۆ بە خۆی خۆ یەک کەون جیا مەبنەوە مەردانە بن
فەرقی خەڵقی وان و مووش و ئەزبەنی و سۆران مەکەن
پشتی یەک بگرن بە کۆمەڵ! دەست لە یەکتر بەر مەدەن!
ڕۆژی سەرکەوتن نزیکە، تێکەڵی شەیتان مەکەن
یەکیەتی ناوخۆ بزانن شەرتی ڕزگاریی گەلە
بۆ ئەوەی یەک بن، لەبۆ یەک فیتنەیی و بوختان مەکەن
ناحەزی ئێمە خەریکی گێرەشێوێنیی گەلن
کاکە ئێوە بن و خوا! بڕوا بە ناحەزتان مەکەن
قەومی کورد شێوەی قسەشیان یەک نەبێ گشتیان یەکن
عەیبە! جیاوازی لە بەینی کۆمەڵی کوردان مەکەن
مردن و مانمان یەکێکە، پێکەوە وەک یەک ئەژین
فەرقی کوردی ناو عێراق و تورکیا و ئێران مەکەن
حوببی جاھ و فیز و بوخل و نۆکەری غەیرە و نیفاق
کوردی لێک پچڕان، بەسی بێ! ماڵی کورد وێران مەکەن
١٩٦٥

پەراوێز edit