لەو ساوە کە من عاشقی ڕوخساری حەبیبم
ماتەم زەدەیی چیھرەیی گوڵناری حەبیبم
بنواڕەرە لاشەم کە چ بێ ھێز و زەعیفە
تاداری گڕی دووری و بیماری حەبیبم
بێ حاڵیە ئەحواڵی من ئەی شۆخی پەری خوو
لەو ساوە کە نێچیر و گرفتاری حەبیبم
ناپرسی کە بۆچ زامە سەراپایی وجوودم
پێکراوی موژەی نەشتەری خوێن خواری حەبیبم
چی بکم؟ چییە تەدبیرم؟ ئەوا چۆقی ڕەشم کرد
وەڵڵاھی ئەوند شیفتەیی دوو ناری حەبیبم
ئێوە بن و خوا چارەیە تا ماوە ژیانم
گیرۆدەیی دوو گێسوی ڕەشماری حەبیبم
دوودی نەفەسم گەییە سەما، ئاھە لەدەس یار
سووتاو و پڕووزاوی گڕەی ناری حەبیبم
ناپرسی لەحاڵم نەفەسێ بەڵکوو بزانی
مەسموومی سەری پەرچەمی جەڕاڕی حەبیبم
وەک بەحری خەزەر، مەوجە لەبەر ئەشکی دوو دیدەم
ئەم دەشت و دەر و دۆڵە کە غەمباری حەبیبم
مەنعێ نییە بۆ بەندە کە دەگریم و دەناڵم
عاشق بە لەبی لەعلی گوھەرباری حەبیبم
گریانە ھەموو ڕۆژ و شەوێ پیشەیی شایق
لەو ساوە کە مەحروومە لە دیداری حەبیبم