ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٢٨. غەیری قاپیت کوێم ھەیە تاکوو پەناھی بۆ بەرم
غەیری قاپیت کوێم ھەیە تاکوو پەناھی بۆ بەرم
غەیری زاتی ئەقدەست کێیە کە سوجدەی بۆ بەرم
عەبدی خۆتم، ئافەریدەی زاتی خۆتم، ھەرچی ھەم
سەد کە عاسی و ڕوو سیا بم یاکوو ڕەش بێ دەفتەرم
دەستی خۆم بۆ کێ درێژ کەم دەوڵەمەندتر بێ لە تۆ
ئەی کەریمی کارسازم! پادشاھی مەحشەرم!
تۆ ئومێدی بێ ئومێدانی لە دونیا و ئاخیرەت
بەندە خۆ موئمین بە خۆتم ئوممەتی پێغەمبەرم
بەحری ڕەحمەت بێ پەی و ئیحسان و جوودت بێ حیساب
سا کەرەم فەرموو کە بەندەیش حیسسەیەکیان لێ بەرم
خاوەنی خەزنەی زەمین و ئاسمانان بێ کە تۆ
کەی ڕەوایە بەندە زاڵم پێ بنێتە سەر سەرم
تۆ کەریمی، تۆ ڕەحیمی، خاوەنی فەزلی عەزیم
چاوەڕوانی ڕەحمەتی خۆتم خۆت ئەزانی بێ دەردم
رَبَّنا أغفِر لي ذُنوبي و أغنني عمن سواك
و أقضي حاجاتي سَريعاً ئەی ئیلاھی ئەکبەرم
ڕوی ئومێدم کردە قاپی ڕەحمەتی تۆ ئەی کەریم
چاوەڕێی تەتبیقی نەسسی ئایەتی لا تَنهرم
خۆت کە فەرمووت أستجيب لام وایە ڕەد ناکەی دوعام
با بەقەد شاھۆ گوناھم بێ من وەھایە باوەڕم

پەراوێز edit