نەگبەتی نەیگرتبێ شوکری خوا ھۆشیارە کورد
ساحیبی عەقڵی سەلیم و ساحیبی ئەفکارە کورد
گەر لەمەو پێش نووستبوون بەینێ لە خاوی غەفڵەتا
ئێستە گەر ئینساف بدەن ھەستاوە وا بێدارە کورد
خۆ بە ئینساف گەر تەماشا کەن بە چاوی دیققەتێ
ھەر ئەوەی عەیبە کە ئەمڕۆ بێ کەس و خەمخوارە کورد
خۆ بە نیسبەت جەوھەر و جێگە و مەقام و موڵکەوە
شاھی و شاھەنشەھی شایستە و ھەموارە کورد
گەر قسەی ساغتان ئەوێ یاران بە قورئانی کەریم
مردنی پێ چاترە لەم خزمەتی ئەغیارە کورد
بێشە کەی خاڵی بووە ھەرگیز لە شێر و کەرکەدنگ؟
شێری شێر خۆری تیایە، مەردی جەوھەردارە کورد
پرس ئەکەم بەو مەجلیسی ئەقوامی میللەت پەروەرە
داخڵی ئینسافە ئایا مەحو ئەکەن یەکبارە کورد؟
شێت نییە ئەم قەومە، ئەفکاری ھەمووتان تێ ئەگەن
ھەرچی سیڕڕێکتان ھەبێ پاکی لەلا ئیزھارە کورد
نەگبەتی داوێنی گرتووین، سەبر ئەکەین تا وەختی خۆی
عاقیبەت معلووم ئەبێ چۆن ئاغە و سەردارە کورد
دڵ پڕ و ماتەم مەبە شایق! یەقین ڕۆژێ ئەبێ
بەم زووانە ببنە جێگەی پەنجەیی ئیشارە کورد