ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
١٤. نووری دیدە و دڵ عەزیزی قەومی میحنەت باری کورد
نووری دیدە و دڵ! عەزیزی قەومی میحنەت باری کورد!
داری پڕ میوەی ژیانی میللەتی خەمباری کورد!
مەرھەمی زامانی کۆنەی دڵ برینداری وەتەن!
داروویی خۆشی نەخۆشانی لە ڕۆح بێزاری کورد!
جێی ئومێدی قەومی مەئیووست لە خەیراتی وڵات!
خالیدی کوردی دلێر و سەیفی جەوھەرداری کورد!
دۆستانت سەربوڵەند و دوژمنانت سەرنگوون
شێرەکەی عالی نەژاد و حەیدەری کەڕاڕی کورد!
بیێنەوە سەر باسی ڕاسی نەگبەتیی کوردی ھەژار
ئاخری کەی دێ بزانین نەگبەتی و ئیدباری کورد؟
گشت ئەزانین ئێمە بێ بەش بووین لە خەیراتی وڵات
مووچەیان جەور و جەفایە، کاسب و جووتیاری کورد
گاھ تورک و گا عەجەم لێمان ئەبوونە گورگی ھار
گاھ نوری گۆڕبەگۆڕ ئەبووە سەگی ھەوشاری کورد
یەک لەشوێن یەک مەرجی سەعدئاباد و بەغدایان دەبەست
بۆ تەماعی نەوت و خازنەی ژێر زەوی خەیرداری کورد
ئاھ و ناڵەی کوردی مەزڵووم بوو گەیشتە لای خوا
بۆیە وا نابوود و سووکن زاڵم و غەدداری کورد
دەستی زوڵمی لێ ببڕێت خاکی کوردستان ھەموو
وەک بەھەشتی لێ بەسەر دێ جەننەت و ئەنھاری کورد
چاوەڕێن بەڵکوو لەمەولاوە بە ھێزی یەکیەتی
تامی ئازادی بچێژن میلەتی بێداری کورد
بۆ ئەمە پێویستە شاھۆ دەس لە یەکتر بەر نەدەین
تاکوو زوو بێتە سەمەر باخ و گوڵ و گوڵزاری کورد
بۆ خالید نەقشبەندی
١٩٥٨/١٢

پەراوێز edit