بەندە عەبدێکی زەلیلم بێ دەس و بێ دەستەڵات
بێ مەلاز و بێ کەسم خۆم خستە ژێر سایە وپەنات
ڕووم نییە چاوم ھەڵێنم من لەبەر زۆری گونام
شەرم ئەکەم دەستم درێژ کەم بۆ تەمەننایەک لەلات
بیر و بڕوام وایە من جورمی گوناھباران ھەموو
پەلکە پووشێکە بەرامبەر عەفوی زاتی بێ خودات
ڕەببی سا تۆ بی و جەلالی لایەزالی ئەقدەست
تۆ جەمالی بێ میسالی زاتی پاکی کیبریات
تۆ بی و ئەو تاقە مەحبووبەت لەبەر تەشریفی ئەو
ئافەریدەت کرد سماوات و زەمین و کائینات
سەروەری ئەولادی ئادەم فەخری کول ھادی سبل
پێشەوایی مورسەلین و خەتمی گشتی ئەنبیات
بەر لە عالەم ئافەریدەت کرد لە نووری زاتی خۆت
ھەڵبژاردەی خاسی باریتە لە بەینی ماسیوات
ئەو مەقاماتە بوڵندەی پێت کەرەم فەرموو ھەمووی
خاسە بۆ زاتی محەممەد شافیعی ڕۆژی جەزات
بەشقی ئەو تاقانە بێ وێنەت بە ڕەحم و لوتفی خۆت
سا ببەخشە تۆ بە ڕەحمەت جورمی شاھۆی ڕوو سیات