ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
١٠٦. کوردی مەرد ئەمڕۆ کە ڕۆژی جیلوە و جەولانتە
کوردی مەرد! ئەمڕۆ کە ڕۆژی جیلوە و جەولانتە
دەست و پێ ئازادە وەختی ھاتنی میدانتە
ڕاپەڕێ سا بێرە مەیدان! با بەسی بێ نۆکەری
تووڕی دە ئەو بارە قورسە وا لەسەر دوو شانتە!
کۆت و زنجیری ئەسارەت پاڕە کە وەک شێری نەڕ!
دایکی داماوی وەتەن وا چاوەڕێی ھەستانتە
دەس دەرە شێری زەمان و خەنجەری تیژی قەڵەم
حەق تەلەب کە! حەق ھەمیشە پشت و پشتیوانتە
ماڵ و میراتت بە ناحەق وا بەدەس بێگانەوە
چۆن ڕەوات دیوە کە خەڵقی ھاوبەش و ھاوخوانتە؟
نیشتمانی باوک و باپیرت کە کانی گەوھەرە
بۆ چی جێی سمکۆڵی ئەسپ و ھێستری جیرانتە؟
بێ ڕەزا و بێ حوکمی شەرع و مەحکەمەی ویجدانی پاک
دا بزانم چۆن بڕا ماڵت بەوەی میوانتە؟ !
خەڵقی خوار و ژوور و دەورت چۆن وەھا بێ شەرم و ڕوو
پێی درێژ کێشا بەسەرتا و ساحیبی، فەرمانتە
یەک کەون یەکتر بناسن کوردە! با بەس پاش کەون
یەک نەناسین و جیایی واسیتەی فەوتانتە
بێ ئەوەی یەکتر بناسن مەبنە زیددی یەکتری!
دوژمنی ناوخۆ بزانە خەیری ھاوسێکانتە
ماڵی کورد ھی کوردە شاھۆ! مافی شەرعی خۆیەتی
نادرێ ھەرگیز بەوانەی دوژمنی خێزانتە

پەراوێز edit