شاعیر: شاھۆ کتێب: دیوانی شاهۆ سەرناو: کوردی مەرد ئەمڕۆ کە ڕۆژی جیلوە و جەولانتە کوردی مەرد! ئەمڕۆ کە ڕۆژی جیلوە و جەولانتە دەست و پێ ئازادە وەختی ھاتنی میدانتە ڕاپەڕێ سا بێرە مەیدان! با بەسی بێ نۆکەری تووڕی دە ئەو بارە قورسە وا لەسەر دوو شانتە! کۆت و زنجیری ئەسارەت پاڕە کە وەک شێری نەڕ! دایکی داماوی وەتەن وا چاوەڕێی ھەستانتە دەس دەرە شێری زەمان و خەنجەری تیژی قەڵەم حەق تەلەب کە! حەق ھەمیشە پشت و پشتیوانتە ماڵ و میراتت بە ناحەق وا بەدەس بێگانەوە چۆن ڕەوات دیوە کە خەڵقی ھاوبەش و ھاوخوانتە؟ نیشتمانی باوک و باپیرت کە کانی گەوھەرە بۆ چی جێی سمکۆڵی ئەسپ و ھێستری جیرانتە؟ بێ ڕەزا و بێ حوکمی شەرع و مەحکەمەی ویجدانی پاک دا بزانم چۆن بڕا ماڵت بەوەی میوانتە؟ ! خەڵقی خوار و ژوور و دەورت چۆن وەھا بێ شەرم و ڕوو پێی درێژ کێشا بەسەرتا و ساحیبی، فەرمانتە یەک کەون یەکتر بناسن کوردە! با بەس پاش کەون یەک نەناسین و جیایی واسیتەی فەوتانتە بێ ئەوەی یەکتر بناسن مەبنە زیددی یەکتری! دوژمنی ناوخۆ بزانە خەیری ھاوسێکانتە ماڵی کورد ھی کوردە شاھۆ! مافی شەرعی خۆیەتی نادرێ ھەرگیز بەوانەی دوژمنی خێزانتە ++++++++++++++++++++++