ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
١٠٠. عاشقی زارت ھەمیشە شۆری فەرھادی ھەیە
عاشقی زارت ھەمیشە شۆری فەرھادی ھەیە
ئارەزووی شیرین ئەکات و داد و فەریادی ھەیە
دەنگی ناڵەی دڵ لە سینەمدا میسالی تار و عوود
ڕۆژ و شەو بەزم و مەقامی داد و بێ دادی ھەیە
ئاگری دووریت وەھا جەرگ و دڵی ھێناومە جۆش
عادەتا تاوی بە تینی ناری حەددادی ھەیە
چاوی بیمارت بە جارێ عالەمێک بیمار ئەکات
نووکی موژگانت بە ئیما نێشی فۆلادی ھەیە
قورسی ڕوخسارت قەمەر پەرچەم سەودای دەوری ماھ
قەوسی ئەبرۆیشت نیشانەی شیری جەللادی ھەیە
قامتە یاخۆ قیامەت؟ سەروە یا نەخلی ئیرەم؟
یا قەد و باڵاتە؟ شێوەی داری شەمشادی ھەیە
کەی ھەنار و سێو لیمۆی گرتووە سەروی چەمەن؟
ئێستە باڵای تۆ کە وا لیمۆی خودادادی ھەیە
بیکوژە تۆ بەو یەدی بەیزایەوە مووسا سیفەت
ئەو ڕەقیبەت فیکری جێی فیرعەون و شەددادی ھەیە
قەت نەبوو ڕەحمێ بە حاڵی شایقی کات کافرە
شاھی من لە خوا نەترسە جەوری بێدادی ھەیە

پەراوێز edit