ئاڵەکۆک

عەباس حەقیقی add_a_photo
حەقیقی دیوانی حەقیقی
٧. موعەللیم
ئەی موعەللیم، ئەی فریشتەی ڕووی زەوی
ئەی سروشت و ڕێ و ڕەوشتت مەعنەوی

تۆ چرای ڕێ لێ‌گومانی بێ‌گومان
تۆ قەڕەوڵی ڕۆژ و کێشکچی شەوی

دابی زانین فێری منداڵان دەکەی
خاوەنی هەستی نەوەستی، ناکەوی

تۆ نەبی منداڵ خولن، دەخولێنەوە
ئەو لەوی دەکوتێ بە مستان، ئەم لەوی

تۆڕی وا دەگری بە تۆڕی ماریفەت
بازی وەحشی ئەهلییە و کێوی کەوی

بۆ بەیانی باشی دەرسی بێچوان
تا بەیانی بێ‌وچان داناکەوی

داری خۆشی کەی بەبێ تۆ دێتەبەر
سەروی نازی، نەخلی بەرزی، نانەوی

چاڵی نازانی لەسەر ڕێی کۆرپەمە
دڵنیام، چون تۆ تروسکە و پەڕتەوی

بۆ خەلە و خەرمانی زانین و هونەر
هێڵەگی جێ ورد و بێژنگ و کەوی

دەنگی تۆ نەغمەی سرووشی غەیبییە
زەنگی تۆ خۆشتر لەسەد قاسپەی کەوی

هەر ئەتۆ کردووتە هەستی ژانی گەل
هەر ئەتۆ چێشتووتە چێژی بێ‌خەوی

تۆ کە بەرپرسی پلەی فێرکردنی
تەربیەت کەمتر نییە پایەی لەوی

چاولەدەستی تۆیە دایکی نیشتمان
ڕۆڵەکانی تەربییەت کەی، نەسرەوی

چون لەسایەی تەربیەتدا زیندووە
داری ئازادی و تەن و ڕووحی قەوی

خوێندنە هۆی ڕاپەڕینی هۆزەکان
هەر بەوی خەڵکی زەوی چوون بۆ جەوی

با هەر ئی تۆ بێ کەلیمەی کۆڵنەدەر
ڕاپەڕە، تێکۆشە، با هەر سەرکەوی

گیانەکەم پەندی (حەقیقی) بگرە گوێ
تا بە فریات بێ خودای بەرز و نەوی
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی
مامۆستا عەبباسی حەقیقی، دیوانی حەقیقی، چاپی دووەم (١٣٦٧ کـ. هـ)، لاپەڕە ٩١و٩٢.

پەراوێز edit