ئاڵەکۆک

عەباس حەقیقی add_a_photo
دڵم ماتى خەمى هيجرانی تۆيە
نەخۆشى دەردى بێ دەرمانى تۆيه

ئەوا عومرێكه چاوم، چاوەکانم
خەریکی شیوەن و گریانی تۆيه

برينم كارییه جەرگم بڕاوە
ئەويش كارى برۆ و موژگانی تۆیه

دڵى بردم نيگای چاوی خومارت
يەکه و گیراوی دوو مەستانی تۆيه

به قانوون حورمەتى ميوانى فەرزە
مەڕەنجێنە دڵم، ميوانى تۆيه

تەوافى خاڵى تۆ بۆ من حەڵاڵە
دڵم فيديه و سەرم قوربانى تۆيه

قيامى قامەتت قامى قیامەت
تەرازووی چاوەکەم میزانی تۆيه

هەواڵى ڕۆژی مەحشەر گەر دەپرسی
خەبەر دەستی من و دامانی تۆیه

ئەگەر پەیمانەکەی دەستت شکاندم
دڵم مەشکێنه هاوپەیمانی تۆيه

ئەتۆ سووچت نەبوو چاوت منی کوشت
مەفەرموو چاوەکەم تاوانی تۆيه

بە ئيمانم هەتا مردن "حەقیقی"
بەه‍يواى دينى چاوی جوانی تۆیه
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی
مامۆستا عەبباس حەقیقی، دیوانی حەقیقی، چاپی دووەم (١٣٦٧ کـ. هـ)، لاپەڕە ٧٧.

پەراوێز edit