ئاڵەکۆک

عەباس حەقیقی add_a_photo
حەقیقی دیوانی حەقیقی
٢. تێهەڵکێشی غەزەلی نالی
لە شوعلەی ڕووی کەمەرچین زێڕ و زێوان
چ زەھرەی زوھرە وو کەیوان کە بێ وان
شوعاعی میھر و مەهـ لاچوو لە نێوان
لە دوگمەی سینە دوێنێ نوێژی شێوان
بەیانی دا سپێدەی باغی سێوان

لە بەر ئەبرۆی کەوان و تیری سەر ژێت
ھیلال ئەمشۆ بە خۆی گوت تەنگ ئەبێ جێت
خزی ڕووبەند و کاتێ کەوتە بەر پێت
لە خەوفی تەڵعەتت ڕۆژ ھەر وەکوو شێت
بە ڕوو زەردی ھەڵات و کەوتە کێوان

شەمیمی عەتری زولفت عەینی شەوبۆ
شکاندی پشتی گوڵ خونچەی دەمی تۆ
نیگارم وەک گوڵە ھەم ڕەنگە ھەم بۆ
مەکە مەنعی پەشێوی دڵ کە ئەمشۆ
پەشێواوە لەبەر پەرچەم پەشێوان

دوو زولفی عەنبەرینی نافە میشکن
دوو چاوی مەستی بیمار و پزیشکن
لە چاو من جۆیبار و جۆگە ویشکن
دوو چاوی من کە وا کەیلی سریشکن
دەپێون ئاوی بەحری خوێ بە پێوان

بە ئوممێدی قەدی نەورەس نیھالی
قەسەم خۆرە "حەقیقی" بۆ ویسالی
کە بەو دوو نەرگیسی چاوی خەزالی
شەڕابی لەعلی ڕوممانی لە "نالی"
حەرامە بێ مەزەی ماچێکی لێوان
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی
قوڵقوڵە ساڵی ١٣١١ی ھەتاوی.
مامۆستا عەبباس حەقیقی، دیوانی حەقیقی، چاپی دووەم (١٣٦٧ کـ. هـ)، لاپەڕە ٦٧.

پەراوێز edit