ئاڵەکۆک

عەباس حەقیقی add_a_photo
حەقیقی کۆلکەزێڕینە
٩. وەڵام لە حەقیقی بۆ ئیمامی
قاسید پەیامی دڵبەری دا، دڵ نەما خەمی
بەهـ بە‌هـ‍ چ قاسیدێکی مەسیحادەمه، دەمی

'تاهیر' که نووری دیدەیی تۆو سەروەری منە
بۆ چاوی من میسالی کله، خاکی مەقدەمی

مەنزوومەکەی گەیاند و برینم کولایەوە
ئاخر به فکری چاره بە، لای تۆیه مەرهەمی

فەرمووته بۆ نەهاتی، نەهاتی منه مەگەر؟
قوربان زەمانه هات و نەهاته هەموو دەمی

کوا دێتە‌جێ له زیندەگییا ئارەزوویی دڵ؟
چونکه هەزار ساڵه دەڵێن موددەتی کەمی

حاشا له شایەتی که گەدا بم له دەرکی تۆ
نایدەم به مڵک و ماڵی جیهان، عومری ئەدهەمی

'کامیل' دەمێ له یادی 'حەقیقی' هەتا هەیە
ناچێته دەر، هەمیشه لە بەرچاو و سەر دەمی

کۆلکەزێڕینە، چاپی یەکەم ١٣٧٤، لاپەڕە ٤٣.
(لاپەڕە ٣٩٨ ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)

وەڵامی نامەی حەقیقی لە ئیمامی

ئەوا باکەی شەماڵ هێنای له خزمەت یارەکەم کاغەز
بەخێر بێ ڕۆحی شیرینم، گوڵی بێ‌خارەکەم، کاغەز

بە قوربانی وەفات بم چاوەکەم، مەمنوونی ئەلتافم
که لێت پرسیم و ناردت بۆ دڵەی ئاوارەکەم کاغەز

هەموو لەت‌لەت ببوو بەندی دڵم بێ‌لوتفەکەی یارم
دەوای کرد ناردی بۆ 'کانی‌بەن'ێ دڵدارەکەم کاغەز

لەبەر ڕۆژوو نییه، بێ‌هێزی تۆم و دەردەداری تۆ
هەناوم هاته بەر، بوویه دەوای ئازارەکەم کاغەز

له بۆکانێ که کانی گەورەکانه تۆش لەوێی بۆیە
سەرم بەرز و بڵیند بوو هات لەجێی 'سەردار'ەکەم کاغەز

'حەقیقی' تۆش حەقیقەت سەربڵیند و بەرز و ماقووڵی!
که کردته پەیکی ڕەحمەت بۆ دڵەی خەمبارەکەم کاغەز

ئەگەر دووره 'ئیمامی' گوفتوگۆی بۆ ناکرێ جا چش
نییه فەرقی نزیک و دوور لەجێی گوفتارەکەم کاغەز

کۆلکەزێڕینە، چاپی یەکەم ١٣٧٤، لاپەڕە ٤٤.
کانی‌بەن، ١٣٣١ی هەتاوی
(لاپەڕە ٣٩٩ ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit