ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٧٩. ئاڵا
ئەو پارچە، سێ ڕەنگی وەک باڵی هومای ئاڵا١
هەودایەکی لێ بۆوە، فەوری لە ملم ئاڵا٢

ئەو ڕشتەیە تا مەحشەر مەحکەم لە ملمدایە
کێشامیە ژێر سایەی، ئێستێکە بە بێ پەروا٣

پەروام نییە تا مردن، لەو وەختەوە دیتوومە
گرتوومەتە ئامێزم، هەر زاڵەیەتی بەدخوا

ئەو دارە چ دارێکە؟ تیری جگەری دوژمن٤
بڕوانە بە شاباڵی چەند زالە بەسەر زاڵا!

ئەم٥ حاسڵە پێم وایە گەنمم یەک و سەد دەبڕێ٦
بەو٧ دوو گوڵە گەنمانەی٨ وادیارە لە ڕووی ئاڵا

نووکی قەڵەمی یەعنی بینووسە لەبۆ دوژمن
بەو ڕۆژی٩ لە ڕووی ئاڵا، مەعلوومە کە لێت قەوما

تەعریفی نییە ئاڵا و١٠ ئاڵایەکی ڕەنگینە
سوور وسپی و سەوزە، ڕۆح حازرە بۆ سەودا

کاڵایەکی پڕقیمەت بۆ میللەتی کوردستان
نرخی بەدەر و زیادە ئەوڕۆ١١ لە سەر وماڵا

هەر جێگەیە١٢ ڕووی تێ تێکا، دەیکاتە١٣ گوڵ و گوڵشەن
دوژمن کە ئەوەی چاو کرد، ١٤ وەک جوو خمی لێ شێوا

ئیمڕۆکە١٥ لە گەردیگلان ڕۆژێکە کە کوردستان
نەیدیوە هەتا ئێستا حاسڵ لە سەری ساڵا

ئەی کاکی 'زرنگ'! شیعرت پاکی وەکوو قەند وایە
تیفلی١٦ دڵی کوردستان بۆی هەر لە گڕوگاڵا

تۆ هاتی، بە سەر هاتم بۆ زیارەتی باڵاکەت
وا نووکی قەڵەم نووسی، تەعریفی١٧ قەد وباڵا

١. چاپی جەعفەر: سێ ڕەنگەی
٢. چاپی ڕۆژنامەی کوردستان: هەودایەکی لێ بوو
٣. چاپی ڕۆژنامەی کوردستان: ئێستە بە بێ پەروا
٤. چاپی ڕۆژنامەی کوردستان: چە دارێکە (نیشانەی پرسیاریشی بۆ دانەنراوە).
٥. چاپی جەعفەر: ئەو
٦. چاپی ڕۆژنامەی کوردستان: ئەم حاسڵە پێم وایە یەک سەد دەبڕێ گەنمم
٧. چاپی ڕۆژنامەی کوردستان: ئەو
٨. چاپی جەعفەر: گەنمانە
٩. چاپی جەعفەر: ڕۆژە
١٠. چاپی جەعفەر: ئاڵا، ئاڵایەکی
١١. چاپی جەعفەر: ئەمڕۆ
١٢. چاپی جەعفەر: هەرجێگەیێ
١٣. چاپی جەعفەر: دەیکا بە
١٤. چاپی جەعفەر: کە ئەوی بینی
١٥. چاپی جەعفەر: ئەمڕۆکە
١٦. چاپی جەعفەر: طفلی دڵی کوردان بۆی هەروا لە گڕوگاڵا
١٧. چاپی جەعفەر: تاریفی
(گەردیگلان، ١٣٢٤ ی هەتاوی، سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٥٥،١٣٢٤)
لاپەڕە ٧٠ و ٧١ ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نییە.

پەراوێز edit