ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٧٤. هات بەهار
هات بەهار، هێنای بە بار تۆوی گوڵ و موشکی خەتا
سەوز و سوور بوو خوار و ژووری چیمەن و دەشت و چیا١

دوورزەنی هەوری بەهار و ڕنوە بەفری بەندەنێ
لێک بەرانبەر بوون وەکوو لەشکر، لە عەرزی تا سەما

دای بە سەر بەفرا شەبەیخوون، بوو بە ئاردی نێو دڕوو
داینەواند پشتی کلیلە، ڕایڕفاند مەئمووری با٢

هەر هەرەس بوو، لەشکری زستان لە ترسان هەڵوەری
دیارە قەڵغانی سەهۆڵ بوو، دوێ ئەویش پشتی شکا

تاوڵی سەوزی لەجێی بەفری سپی هەڵدا بەهار٣
چوونە پێشوازی گرووهی سوێسنە و هەڵز و کەما٤

چەهچەهەی بولبول وەکوو موزیکە بۆ سانی گوڵان٥
فیتەفیتی شوانە سووتی ئەفسەری تیپ و سوپا٦

لەم سوپا و تیپ و قشوونەی شای بەهار هێناویە، ٧
شۆقی ڕۆژ نوورئەفکەنە جارجار لە ناو هەور و هەڵا

سوێسن و شەوبۆ و نێرگس، شەشپەڕ و گوڵ ئاتەشی
پاکی پشکووتن، بووە دونیا بە یەک حەشر وحەلا

بولبولە زاوا و گوڵ وەک بووک و دڵ هەر وەک دەڵاڵ
دێ و دەچێ بۆیان بە خۆڕایی، بە بێ ماف و بەها

کورکە کورکی تەیرە دێ شەو، یا نە سۆزی سینەمە؟ ٨
ئەم هەرا و بەزمە، بەهارە یا نە پەردەی سینەما؟ ٩

وا ڕەقیبیش دەرپەڕی، جووتەی لە با دا، تابڵێن
ئەی لەبەر ئەم خۆشییە، حەتتا کەریش ترسی نەما!

حەقیەتی ئەو گوێدرێژە هەڵپەڕێت و دەرپەڕێ
هەر لە ئینسان تا جەنابی کەر، یەکێ برسیی نەما١٠

هەرکەسێ خاوەن دڵ و گوڵ بوو، ئەوا چوو بۆ گەڕان
کەس نەما پیر و جەوان، چاک و خراپ، شێخ و مەلا

ئەی سەبا! خۆتۆ، دەڵێن، پەیکێکی توند و خۆشڕەوی
هەستە پیاوانە بڕۆ لای یاری بێ میهر و وەفا١١

پێی بڵێ هەستێ لەخەو، خونچە هەموو پشکووتووە١٢
بێتە دەر تا سەر لەبەر خۆی نێ وەکوو چاوی حەیا

بولبول و دڵ بۆ گوڵان، ئەو هەڵفڕی، ئەم دەرپەڕی
هەڵفڕینە، دەرپەڕینە، پێکەنینە، 'کامیل'ا!

١. هەردوو چاپەکە وەک: 'خوار وژوور و چیمەن و دەشت و چیا' هێناویانە بەڵام من وا هەست دەکەم لە ئەسڵدا بە شێوەی سەرەوە بووبێت واتە یاء ئیزافە بووبێت نەک واوی عەتف، لەبەر ئەوەی خوار وژوور لەگەڵ چیمەن و دەشت و چیادا هاوجنس و هاو ناوەرۆک نین و جیناس یان مراعات النظیریان پێ دروست نابێت، گەرچی ناتوانم زۆر لە بۆچوونەکەی خۆیشم دڵنیا بم.
٢. چاپی ئەنیسی: ڕای ڕفاند
٣. چاپی ئەنیسی: تاووڵی
٤. چاپی ئەنیسی: گرۆهی
٥. چاپی ئەنیسی: موزیکە
٦. چاپی جەعفەر: شوانە، سووتی
٧. چاپی ئەنیسی: هێناوییە
٨. چاپی ئەنیسی بە بێ نیشانەی پرسیار تۆماری کردووە.
٩. چاپی ئەنیسی بە بێ نیشانەی پرسیار تۆماری کردووە.
١٠. هەردوو چاپەکە وەک 'برسی نەما' یان تۆمار کردووە کە دیارە هەڵە نییە.
من دڵنیا نیم ئایا 'یەکێ' یە یان 'یەکی'؟ چاپەکان 'یەکێ' یان نووسیوە
١١. چاپی ئەنیسی: مێهر
١٢. چاپی ئەنیسی: هەمو
(گەردیگلان، ١٣٢٩ ی هەتاوی)
لاپەڕە ٦١ و ٦٢ی چاپی جەعفەر و ١٤٧ و ١٤٨ی چاپی ئەنیسی

پەراوێز edit