ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٧٥. زستانی شێخ چۆپان
زمهەریرێک بوو بە نێو زستان و هات و ڕابرا١
عالەمێکی برد لەگەڵ خۆی تا چووە چاڵی فەنا

کردەوەی سەگ تێ ڕیاوی: بۆگەنی لاشەی وڵاخ٢
شوێن و ئاساری گڵاوی: هیچ لە ماڵێ دا نەما

خیگە هەڵچۆڕا لە چەوری، ئارد لە کەندوو بۆتە تۆز
ماست و دۆ، کەشک و پەنیر تۆزێ نەمابوو بۆ دەوا

قووتی دا زستان هەچی بوو قووتی حەیوان و بەشەر
کا لە کادێن بوو قوتار و گیا لە قۆریە و گیشەدا

جەرگ و دڵ ڕەش بوو لەتاو بێ سووختی و دار و ڕەژی
بوو سپی چاومان لە حەسرەت تام و بۆنی قەند وچا

خشخشەی گرت کەڵ لەسەرمان، مرد لە برسان بزن و کاڕ
لاڕەشە گەییە وڵاغ و گوێڕەپەی گرت جوانەگا

کەر لەسەرمانا هەڵیکێشاوە گوێی و هاتە دەر
چوو دەگەڵ گوێ کورتی ئەحمەق کەوت و لێک بوونە برا

هاتە دەر لاشەی مەڕ وماڵ، بێ ژومار و بێ حیساب
سەگ لە خۆشی خۆشییا، ڕێک کەوتنە خۆشی و سەما

گۆشتیان نەخورا لەبەر لاوازی و ئەسپێ و گەنە
پێشتیان نەکرا بە وەسڵە، دەستی وێکەوت و دڕا

'لالە شوان' لاڵ بوو لە کێو و 'کاکەریم' کوێر بوو لە ماڵ
ئەو لە تەندوور بۆتە تاجۆ، ئەو لە کەژ هاوار ئەکا!

هات بەهار، ئەمما لە پشت بارانە بۆ چیمە کەپەنک؟
یا لەپاش مردن چ سوودێکی هەیە ئاوی بەقا!

هات بەهار، ئەمما بەهاری هێندە پڕ سەیر و سەفا،
نەبوە قەت، نەیدیوە کەس لەم دەورەدا، نەشبیسترا

١. زمهەریر بە واتای سەرمای سەختە بەڵام ئەفسانەیەکیشی لەسەر دروست کراوە کە دەگوترێت شوێنێک بێت وەک جەهەننەم بۆ گوناهکاران بەڵام سارد، نەک گەرم.
٢. چاپی جەعفەر: کردەوە و پاشماوەکەی ئەو... .؛ چاپی ئەنیسی: کردەووەی سەگ تێڕییاوی، ... .
(شێخ چۆپان، ١٣٣٢ ی هەتاوی)
لاپەڕە ٦٤ و ٦٥ی چاپی جەعفەر و ١٥٤ و ١٥٥ی چاپی ئەنیسی

پەراوێز edit