ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٥٦. ئاواتی هۆنه‌ر
هه‌رکاتی نه‌وبه‌هاره‌ که‌ دنیا ده‌کا نوێ
سارا ده‌پۆشێ به‌رگی سه‌وز، گوڵ ده‌پشکوێ

شه‌وبۆ و هه‌ڵاڵه‌، نه‌رگس و نه‌سرین و نه‌سته‌ره‌ن
سوێسنه‌ زمانی گرتووه‌، پێم سه‌یره‌ نادوێ!

تۆوی هه‌مووشتێک له‌ به‌هارا سه‌وز ده‌بێ
ئه‌ی تۆوی ئێمه‌ بۆچی له‌ هیچ فه‌سڵێ ناڕوێ؟

بۆچی له‌ ئاسۆ نایه‌ته‌ده‌ر ڕۆژی مه‌، خودا؟
ڕۆژی خه‌ڵک که‌چی سه‌ری وا ناوه‌ته‌ سوێ!

هه‌رچه‌ند له‌ مێژه‌ خه‌ڵفی هیوامان چه‌قاندووه‌
ئاوی به‌خوێن دراوه‌ که‌ هه‌ر سه‌وزه‌، ناپوێ

تا به‌هره‌وه‌ر نه‌بین له‌ به‌ری، هه‌ر بڵند ده‌بێ
وه‌ک پیره‌داری دی نییه‌، هه‌ر خه‌ڵفه‌، نانه‌وێ!

هه‌رکه‌س هیوای به‌ خۆی و گه‌لی ماوه‌ ئێسته‌که‌ش،
ڕه‌ببی قه‌زای به‌ تاقی ته‌نێ هه‌ر له‌من که‌وێ!

ئاواتی بۆچی نایه‌ته‌ دی پیره‌ هۆنه‌رێک
هه‌ر ئاخ وداخییه‌ له‌ به‌یانی هه‌تا شه‌وێ
(به‌هاری ١٣٦٨ ی هه‌تاوی)
لاپەڕە ٢٥٤ ی چاپی جه‌عفه‌ر؛ له‌ چاپی ئه‌نیسی‌دا نییه‌.

پەراوێز edit