ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٥٢. به‌رخی نێر
نیشتمان، قوربانی کانیاو و زنه‌ی زه‌نوێرتم!
گیانفیدای ڕه‌شماڵ و شوان و مێگه‌لی سه‌ر بێرتم
کوشته‌یی کاڕه‌ی مه‌ڕ و به‌رخ و بنه‌ و هاوێرتم
عاشقی ئاسکی چیای بژوێن و جوان و تێرتم
گیانه‌که‌م، ئه‌منیش به‌ کارت دێم و به‌رخی نێرتم!

ڕۆح فیدای سروه‌ی به‌یانانی عه‌بیرئامێزه‌که‌ت
دڵ به‌ قوربانی سریوه‌ی ته‌یره‌ بێ پارێزه‌که‌ت
گیانه‌که‌م، ڕۆڵه‌ی ئه‌تۆ ڕێک چاوه‌ڕێی ئاخێزه‌که‌ت
بیگره‌ باوه‌ش له‌ هه‌ل دا پێشمه‌رگه‌ی هێزه‌که‌ت
پاسه‌وانی ناوچه‌کانی پڕ له‌ زێو و زێڕتم‌

هه‌ر له‌ سه‌ر لوتکه‌ی چیا خه‌مڵیوه‌ تا خوارێ به‌ گوڵ
هه‌رکه‌سێکی به‌رهه‌ڵستی سه‌ربه‌خۆییته‌ به‌دڵ،
پێی بڵێ وا مه‌نجه‌ڵی قینی گه‌لم هاتۆته‌ کوڵ
ئه‌ی عه‌جه‌م! بۆی ده‌رکه‌وه‌، ئه‌ی لنگ ڕه‌شی ڕووت، لاته‌قول!
خۆ ئه‌گه‌ر کوردیشه‌، فه‌رموو ناهومێدی خێرتم

کێ بوو وه‌ک شێری ژیان خێرا له‌ بێشه‌ی ده‌رپه‌ڕی؟
سیپه‌لاکی دوژمنی کوردی به‌ نه‌شته‌ر هه‌ڵدڕی
ئاره‌قی کاتی خه‌باتی قه‌ت له‌ ئه‌ستۆ نه‌ستڕی
نیشتمان بانگی ده‌کا یاخوا بژی، هه‌ر تۆ کوڕی
چاوه‌ڕێی پڕدانی توند وتۆڵ و هه‌روه‌ک شێرتم

هه‌رکه‌سێ کورد بێ و 'زرنگ' بێ، چاوه‌نۆڕی هه‌ل ده‌بێ
پێشه‌وا و خاوه‌ن شکۆه و قاره‌مانی گه‌ل ده‌بێ
جێگه‌یی شانازی و هیوای هه‌موو کۆمه‌ڵ ده‌بێ
خاوه‌نی کانیاو و چیمه‌نزار و باغ و گوڵ ده‌بێ
نیشتمان، ئه‌منیش له‌ با‎غتدا ئه‌وا ئاودێرتم!
(قاقڵاوا، ١٣٤٢ ی هه‌تاوی)
لاپەڕە ٢٧٣ و ٢٧٤ ی چاپی جه‌عفه‌ر، له‌ چاپی ئه‌نیسیدا نییه‌

پەراوێز edit