ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٣٩. دزیومه‌ته‌وه‌
یار دڵی بردبووم شه‌وێک به‌دزی
من به‌ ڕۆژێکی ڕوون دزیومه‌ته‌وه‌!

تا قڕ وفڕ نه‌کا به‌ فیز و بڵێ
کۆرپه‌که‌ی من له‌ شیر بڕیومه‌ته‌وه‌

من قه‌ریحه‌م فرۆشتبوو هه‌رزان
به‌ گرانتر به‌ڵام کڕیومه‌ته‌وه‌!

چونکێ قافیه‌م نه‌ما، به‌ پاڵه‌په‌سۆ
هاتم و گورجێ تێخزیومه‌ته‌وه‌!

له‌ هه‌زار که‌ند و کۆسپ و به‌رز و نه‌وی
له‌ سه‌دان چۆم و ئاو په‌ڕێومه‌ته‌وه‌

دێمه‌ مه‌یدانی هۆنه‌رانی به‌ڕێز
پایزه‌ وه‌ک گه‌ڵا وه‌ریومه‌ته‌وه

گه‌رد وتۆزی گوڵم له‌ گوڵشه‌ندا
به‌ په‌ڕوپۆی دڵم سڕیومه‌ته‌وه‌

که‌ نه‌خۆش بووم، بڕابوو کفنه‌که‌شم
ئه‌وچه‌لیش خۆ شوکور دڕیومه‌ته‌وه‌‌

ئه‌وه‌ 'ئاوات' بوو وون ببوو لێمان،
له‌ که‌ژ وکۆی ئه‌وین بوو، دیومه‌ته‌وه‌!
(قاقڵاوا، ١٣٥٥ ی هه‌تاوی)
لاپەڕە ٢١٦ و ٢١٧ ی چاپی جه‌عفه‌ر؛ له‌ چاپی ئەنیسیدا نییه‌. ‌

پەراوێز edit