ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٦٠. شین بۆ خەمین
ڕۆیی ئەو بولبولی باغی مەلەکووت
عالم و هۆنەر و عارف بە سبووت

فره کێشاوییه مەینەت بۆ کورد
قەت هەدادانی نەبوو تاکوو مرد

ئەی دەمم بشکێ، کوتم مرد؟ ماوە!
خەوتووه، تۆزێ وەنەوزی داوە

هەربینا ڕابێ لە خەو دووبارە
تێبکۆشێتەوه بۆ ئەو کارە

یانی هەر بۆ گەلی خۆی تێکۆشێ
کەم‌وکووڕی گەلەکەی داپۆشێ

نامرێ پیاوی خودالێ‌خۆش‌بوو
زاهیری ڕۆیی، له پێش چاوان چوو

'شێخ عەلی' کاکه، 'خەمین'ی شۆرەت
تەمەنی کەم بوو، بەڵام بێ‌مۆڵەت

ئەجەلی هات و گوڵی عومری ڕفاند
عالەمێکی به غەم و غوسسه مراند

خاوەنی سفره و خوان بوو، ڕۆیی
هاودەمی پیر و جوان بوو، ڕۆیی١

ڕەونەقی هۆنەرەکان هەر ئەو بوو
خۆشی ئاواتی دڵان هەر ئەو بوو

ئێسته 'ئاوات' بە تەنێ ماوەتەوە
نەتەوی، داوی لە ڕێی ناوەتەوە

هەربینا پێوەبوو ئەو بێ‌چارە
هاته خزمەت تۆ 'عەلی' گیان! دیاره

چ بکا؟ ناژی بەبێ تۆ تازە
دوور له تۆ کەوتووه، زۆر بێ‌نازە

ژینی چی، شاعیری چی، هاودەمی چی؟
عومر ئەگەر مابێ له زۆر و کەمی چی؟

هۆنەرێک بووم و له شێعرا زاڵ بووم
بێ تۆ مات و له زمانم لاڵ بووم

تۆ منیشت وەکوو خۆ بێ‌دەنگ کرد
بێ‌وته و بێ‌هونەر و بێ‌ڕەنگ کرد

لێرەدا دوایی دەهێنم به وتار
کوا وتارم هەیه؟ کوا سەبر و قەرار؟


شیعرێکی شینگێڕییە بۆ کۆچی دوایی شێخ عەلی خەمین.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:
رمل مسدس مخبون محذوف: فعلاتن فعلاتن فعلن.
١. چاپی جەعفەر: جەوان. من بۆیە کردوومەتە جوان کە لەگەڵ 'خوان'ی میسراعی سەرەوەتردا جیناسێکی کامیلتر پێک بهێنێت.
(لاپەڕە ٣١٠ و ٣١١ ی چاپی جەعفەر، لە چاپی ئەنیسیدا نییە)
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit