ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٦١. زەماوەندی بەهار
وەرن سۆفی! وەکوو دەروێش بکەونه گاڵەگاڵ ئەوشۆ
وەره نێو باغی عیشرەت، ئەی نەمامی چاردەساڵ! ئەوشۆ
بده جام و مەزەی ماچت له کوڵم و لێوی ئاڵ ئەوشۆ
'به سروەت پێ‌دەڵێم چاوم! کزەی دێ بای شەماڵ ئەوشۆ
چزەی دێ جەرگی برژاوم بەبێ پۆلوو و زوخاڵ ئەوشۆ'

دەری پیری موغان ئاوایه، قاپی مەیکەده وازن
جحێڵ و پیر و منداڵ مەیگوسار و بادەپەردازن
سوراحی کەیل و موتریب مەست و ساقی سادە و سازن
'کوڕوکاڵ دەم‌به‌خەندەن، کیژوکاڵ پڕ عیشوه وو نازن
بزەی دێ غەمزه وو ڕەمز و ئیشارەی چاوی کاڵ ئەوشۆ'

زەماوەندی بەهاره، کاتی سەیران و شەق و گۆیه
سەبا بەربووکه، زاوا عەندەلیب، پەرده کەنار جۆیە
دەسا بولبول له پێشوازا بخوێنه، داوەتی تۆیە!
'سەراسەر فەڕشه چیمەن، بۆ قودوومی بووکی گوڵ، بۆیە
زمانی گرتووه هەر چەشنی تووتی، کوندەلاڵ ئەوشۆ'

له خەڵوەتخانەیی خاڵ‌وبەڵەک‌دا خاسەکەو جووتن
لە سەر سفرەی چەمەن، شەونم مەیه، گوڵ جامی یاقووتن
شنه و سروەی بەیان تێکەڵ هەناسەم بوون و ئەنگووتن
'به تەشریفی نەسیم، شەوبۆ و نێرگس پاکی پشکووتن
لە خۆشیان بولبول و قومری دەکەونه قیل‌وقاڵ ئەوشۆ'

وەنەوشه لارەمل، داما له مەیدانا به تەنیایی
ئەوا نەسرین سەری بۆ پردەباز ڕۆنا، بە تەنیایی
ئەوا ڕۆژی لە قیس چوو عاشقی شەیدا به تەنیایی
'ئەوا هەر چاوەڕێیه نێرگسی شەهلا به تەنیایی
بە جارێ بوو سپی چاوی به ئوممێدی ویساڵ ئەوشۆ'

شکۆفه پێکەنی ڕووی کرده سوێسن یانی ها بگری
نەما ئەهریمەنی زستان، وەلاچوو شیددەت و قەهری
هەزار قەوس و قەزەح ڕابوو به ڕەنگی تاووس و چەتری
'به دەنگی بولبول و قومری، تەماشا دڵ چلۆن دەگری!
دەڵێ بگرن به دڵ قەدری، جەماڵی کیژوکاڵ ئەوشۆ'

چنار گەییه چنوور، پێچرا سنەوبەر پەرچەم و سونبوڵ
ئەوی نەختێ لە کارا بوو گەیشته مەقسەد و مەنزڵ
به‌تەنیا هەر 'قزڵجی' کەوته دووی خێڵ و نەگەییه دڵ
''ئیمامی'ش هەروەکوو بولبول بە هیوای پێکەنینی گوڵ
دەناڵێنێ لە سەر هەر چڵ، بە یادی خەتت‌وخاڵ ئەوشۆ'

تەخمیسی غەزەلێکی ئاوات، لەلایەن 'قازی کاکە حەمەی قزڵجی'یەوە.
ڕوونکردنەوەیەک:
ڕەدیفی ئەو غەزەلەی ئاوات وا قازی کاکەحەمە تەخمیسی کردووە لە چاپی ئەنیسیدا 'ئەمشەو'ە، بەڵام لە چاپی جەعفەردا بۆتە 'ئەوشۆ'. بەو پێیە، دوور نییە تەخمیسەکەی قازی کاکە حەمەش هەر ڕەدیفی 'ئەمشەو'ی بووبێت و لە چاپی جەعفەر دا، کرابێت بە ئەوشۆ. بە گشتی، شیعری ئاوات لە چاپی جەعفەردا دوو سێ نیشانەی دیکەشی لەو گۆڕینی زاراوەیە و کرانی بە زاراوەی مەهابادی، بە سەرەوەیە.
بۆکان، ١٣٣٦ ی هەتاوی (ئەم تەخمیسە لە لاپەڕە ٢٣٢ تا ٢٣٤ ی چاپی جەعفەر وەرگیراوە و لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit