ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٥٦. نامەی سەلاحەددین ئاشتی بۆ ئاوات
سەییدی پیرۆزی ئازیز! یادی تۆ دەمدا دنە
دڵ وەکوو پۆلوویە قوربان! تۆش کە لێم بوویە شنە

ڕێی ئەوین ئاورینگە، دێت و زێڕوەشانی لێ دەکا
خۆشەویستی ئارەزوویە بێ‌سنوور و گوڵچنە

من شەوم دایم بە دووی خورشیدی خاوەردا دەڕۆم
ئەی هەتاو! ڕاوەستە تاوێ، شەو خەریکی سووتنە

هەر بە دووتا دێم هەزاران جار بەجێم‌بێڵی و بڕۆی
شەم پەپوولەی چۆن نەوێ، ئەو وا مەبەستی دیتنە

پاڵ وەلاشیپانی دەرگاکەت دەدەم ئەوسا دەڵێم
پێک‌گەیشتنمان بە مەرگیشم تەواو بێ شیرنە

ئەو وتەی لێوتی بە نێوی نیشتمانێ کردەوە
زەردەیی ڕووناکییە، موژدەی لە کەل سەرکەوتنە

قەف‌قەفی کێو و چیا کوا بەرگری بیرم دەکا
ئاخری هەر پێ‌دەگەم ڕۆژێکی، ئاسۆ ئی منە

١٣٦٥/١٠/١٠ هەتاوی
(لاپەڕە ٤٢٨ ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا دەرنەکەوتووە)

وەڵامی ئاوات بۆ ئاشتی١

هۆنەری زانا و بەڕێزم! یادی تۆ یاری منه
گەرچی وێنە جوانەکەت ئێستا، لە بەرچاوم ونە

وا پەرێشان و هەراسانم، بە مەرگی تۆ سەلاح!
با بزانی مەرگی من گیانە لە تۆ دوورکەوتنە

تۆ کە نووسیوتە ئەوا لێرە بەهارە و خۆشییە
بای شەماڵ دەشنێ لە مەڵبەندی هەڵاڵە و سوێسنە

هەروەکوو فەرمووتە دیارە شین بووە سەحرا لەوێ
ڕۆژی سەیرانە و پیاسە، کاتی گوڵ پشکووتنە

شاد و خۆشحاڵم کە موژدەی خاکەلێوەت دا بە من
بەو هەواڵە بولبولی تەبعم ئەوا کەوتە قنە

بۆچی ناشوکری نەبێ، لێرە هەوا سارد و سڕە
بای شەماڵ ساردە، کوژەی منداڵ و سەد پیاو و ژنە

زوو، کە من ئاورم بەتین بوو، عالەمی سووتاندبوو
ئێستە ئاگردانەکەم هێند ساردە جێی لێ نووستنە

تا تەنوورم گەرم‌وگوڕ بوو، نانی گەرمم هەر نەدی
ئەو ئەوا دامردووە، خۆشم ئەوا بوومە پنە

کاکی 'ئاوات'ە لە سەرمان هەڵدەلەرزێت و دەڵێ:
بۆچی خۆری گەرمی گەل هەروا لە سووچ و قوژبنە؟

قاقڵاوا، ١٣٦٥/١٠/٢٠ی هەتاوی
(لاپەڕە ٤٢٩ ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا دەرنەکەوتووە)

١. مامۆستا سەلاحەدینی ئاشتی نووسەر و وەرگێڕێکی ناوبەدەرەوەی مەهابادی و دڵسۆزی گەل و نیشتمانە. نموونەیەک لە کارەکانی کاک سەلاح، وەرگێڕانی هەردوو بەرگی شەرەفنامەی بەدلیسییە لە فاسییەوە بۆ سەر زمانی نەتەوایەتیمان.
نامەی 'سەلاحەددین ئاشتی'، خۆشەویستی ئاوات لە کاتی سەربازی‌دا کە لە شاری بووشێهرەوە ئەو شێعرانەی لەگەڵ نامەیەکی چەند لاپەڕەیی بۆ 'ئیمامی' نووسیوە. ١٣٦٥/١٠/١٠ی شمسی [دوایین ڕۆژی ساڵی ١٩٨٦ ی زایێنی]'
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit