ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٥٢. نامەی ئاوات بۆ خاڵەمین بەرزنجی (٣)
هاوین بوو، گەرم بوو، ساڵی شەست و سێ بوو
نامەی گوڵی دڵ گەیشت، دەزانی کێ بوو؟

خاڵێکی عەزیز بوو، ناردی هۆنراوەی جوان
جوان بوومەوە بەو نامە، ژیانی پێ بوو

یا خوا قەڵەم و دەست و دڵی باقی بێ
خاڵ بوو لە دڵم خەیاڵی نیشتەجێ بوو

پێش هاتنی شێعرەکانی ڕێک‌وپێکت
جەرگ و دڵی 'کامیل'ت هەموو توێ‌توێ بوو

ئەو نامە کە قووتی ڕۆحی من بوو خاڵە!
زۆر خۆش بوو لە لام، چونکی بە تام‌وخوێ بوو

فەرمووتە لە کوێی کە بێمە لات تاوێکی
بۆ هاتنی تۆ دڵم سەری لە سوێ بوو

هەرچەندە کە خوێنمان حەڵاڵە لای وان
هەرلایە دەچووی تەرمی جوانی لێ بوو

بڕوانە بەڵام شوکور بە ئازادی دەبەن
نێوی گەلی کورد لە شاری یا لادێ بوو

هەروا نەبەزیوە قارەمانی گەلی کورد
بەو باسە ژیا کوردێ ئەگەر گوێی لێ بوو

تۆی خاڵە! کە بوویە هۆی وتاری 'کامیل'
تەبع و غەزەل و فکری دەنا لە کوێ بوو؟
قاقڵاوا، هاوینی ١٣٦٣ی هەتاوی
(لاپەڕە ٤٢٦ و ٤٢٧ ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا دەرنەکەوتووە)
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit