ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٤٨. نامەی ئاوات بۆ نووری (٢)
تەیری دڵ بێ‌پەڕوپۆ، تەپکه شکاوێکی بەسە
چاوەڕێی تۆیه که بێی، گەرمه‌سڵاوێکی بەسە

مەڵێ زستانه، جلی پیر و فەقیر پاره بووە
ڕۆژی ڕووت دەرخه، هەتیو تۆزه هەتاوێکی بەسە

پاییزه، فەرموو تەماشا بکه لانەوخوارم
پیره‌کەروێشکێ له گوڕ کەوتبێ، ڕاوێکی بەسە

ئەو هەموو زولفه به زەنجیری مەکه بۆ ملی من
تەیرێ وا بێ‌پەڕوباڵ کەوتبێ، داوێکی بەسە

سەیید و پیر و فەقیرم، وەره لێم قەوماوە
بۆ منه ئەو مەسەله: «باوەلێ باوێکی بەسە»

وا بە سەرڕووتیی و پێخاوسی هاتۆتەوه لات
'کامیل'ت جووته کڵاشێک و کڵاوێکی بەسە

هێنده هەر هاتم و چووم، خۆزگه به دۆم دەخوازم
پیره‌دۆمێکی هەژار جاوه دڕاوێکی بەسە
وەڵامی نووری بۆ ئاوات

هەستی نێژراوی دەرێناوه له ناو گۆڕی سكووت
مەسەلەی كۆنی دەڵێن «باوەلێ باوێكی بەسه»

باوەلێ، دیاره كه شەمزاوی به باوی گەردوون!
خۆ دەنا زوقمه حەریف خۆی بزە تاوێكی بەسه

باوەلێ، بادەوه سەر باو و گوڕی كاتی كوڕی!
شیر هەتا كۆن بێ دەڵێن هەر لەپەساوێكی بەسه

گێژی گێژاوی بەڵا بێ ئەوی دەشكێنێ دڵت
لای خودا دەستی دوعا قەلبی شكاوێكی بەسه

به چەكی شیری برۆ و تیری بژانگ هەڵمەكه دڵ
شیر و تیر بۆچی دەسووی سیلەیی چاوێكی بەسه

نەتەوی بۆچی بزانێ به هەموو هەستی دەروون
دڵ به دڵ ڕێی بێ هەرای بۆ چیه قاوێكی بەسە
بۆکان، ١٣٦٣ی هەتاوی
(لاپەڕە ٤١٨ و ٤١٩ی چاپی جەعفەر، لە چاپی ئەنیسیدا نییە)
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit