ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٤٧. نامەی ئاوات بۆ نووری (١)
نووری! ئەی مایەیی ژین و گوڕ و تینی ئاوات!
ئەی وتەی شیرن و جوانت هەموو وەک نوقڵ و نەبات

من بە ئاواتی دڵی خۆم نەگەیشتم، پیر بووم
چاکە بێ‌میننەتی پێ هاتمە ڕێی هات و نەهات

زۆر لەمێژە وت‌ووێژت کە لەگەڵ من نەبووە
گێژووێژم، کڕ و کاس، غەم لە دڵم بۆتە قەڵات

مەلی دڵ ئێستە لەلای تۆ نییە، لێت تۆراوە
بە دوو سێ شێعری بلاوێنەوە، با بێتەوە لات

دەڵێ ماوێکە هەواڵێکی نەپرسیوە لە من
چاکە ئاوارە ببم، بچمە کەژ و کێوی وڵات
وەڵامی نووری بۆ ئاوات

ئەی بە سەربەرزی ژیاوی له هەموو كاتی حەیات!
ئەی نەوەستاوی له هەنگاوی بەرەو بەرزی وڵات!

ئەی له گوڵزاری ئەدەب‌دا گوڵی تێراوی بەیان!
ئەی له ئاسمانی هونەردا دەشەكێ نێو و نەوات!

هیممەتی پیره دەپێوێ هەموو مەودایی زەمان
پێ چیه بێت و نەبێ، ڕێگه چیه هات‌ونەهات؟

بەخودا مەستی هەواته ئەوی هەستێكی هەیه
سەره پێ‌بازه لە بەر پێت و دڵه پڕ له هەوات

ویشكەرۆ ماوه دەروون و كپه مەڵبەندی وتار
قۆرغی قاڵاوه هەرێم چینه له چی كا عەنقات

ئەو دڵەی كانگەیی هیوا بوو به ئاوات دەژیا
لەتكه خوێنێكه له خۆی‌دا دەتەپێ كات و سەعات

شەمی بێ‌«نووری» كوژاوەی شەوی تاریک و تەمم
وەره ڕوونم‌كەوه ئەمجاره به ئەنفاس و دوعات
بۆكان، بەفرانباری ١٣٦٢ی هەتاوی
(لاپەڕە ٤١٦ و ٤١٧ ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit