ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٤٥. نامەی ئاوات بۆ سەیید (٤)
قادر! ئەمن ـ دەزانی ـ عەسام گرت به دەستەوە
کەوتووم لەپێ، بفەرموو ده "کامیل" هەڵستەوە

هەستانی من برا! به عەسای زولفی یارمە
گەر بێ به لارولەنجه، به دوو چاوی مەستەوە

باری دەکەم ئەگەرچی گرانه به دەرد و خەم
بەو حاڵەوه به موویێکی زولفی دەبەستەوە

خۆ گەر پسا دڵم، دەکەوێ، دەشکێ، ناسکە
ئەوچەل چ چارەکەم به دڵێکی شکەستەوە

"ئاوات"ه قەت نەهاته جێ ئاواتی "سەیید"ا
هیوام نەماوه کاکه! به ڕۆحێکی خەستەوە
نامەی سەیید بۆ ئاوات

دەمێکه زەمزەمەی شێعرێکی تۆم کاکه! له گوێ نایە
له کوێستان و چیا سەرسەوزەکان قاسپەی کەوێ نایە

گوڵی باخی ئەدەب گەر تۆ نەبی، من بچمه کام گوڵشەن؟
که هیچ باخ و گوڵێک ئەو بۆنه خۆشەی خۆتی لێ‌نایە

هەموو سەرچاوەیەک کوێر بێتەوه خۆ ئاوی نامێنێ
کەچی سەرچاوەکەی چاوم دەبوو وشکایی بێ، نایە

له ناخی سینەوه هاسان هەناسەم نایەت و ناچێ
کزەی بای وەعدەکەی خۆمه، دەمێ دێ، سەردەمێ نایە

له هەرلا دڵ بەجێ دێڵم بحەجمێ و بگرێ ئارامێ
له هیچ لایێکی‌دی، لای تۆ نەبێ، خۆ دڵ بەجێنایە

نەخۆشی دەست و پێی بەستووم و دەنگیشم به کەس ناگا
خڕەی زەنجیر و دەسبەندی کەسی بێ‌دەست‌وپێ نایە

دڵی ناردۆته لات "سەیید" که نەیتوانیوه بۆخۆی بێ
درەنگی پێ‌دەچێ ئاخر به سەر دێ، خۆ بە پێ نایە
(لاپەڕە ٤٠٩ و ٤١٠ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit