ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٤٢. وەڵامی ئاوات بۆ سەیید (١)
هۆنەرێکی پیری وەک من، کوا وتەی جوانی هەیە؟
کوا گوڕ و تین و توانای جاری‌جارانی هەیە؟

گوێم خەریکه گوێ نەداته بەند و باو، چاویش ئەوا
کەم‌کەمه بێ‌نوور دەبێت و حاڵی بوحرانی هەیە

هەرکه بیستم ماڵەکەت هاتۆتەوه جەمیان، کوتم:
سەد شوکر وا هەوری ڕەحمەت مەیلی بارانی هەیە

هاتیەوه بۆ خانەقای پیرۆزی بابی گەورەمان
ئاوەدان بێ زۆر هەراوه جێی هەموومانی هەیه

گەرچی هەروەک مۆتەکه سەر سینگی گرتم پیاوەکەت
ڕۆژوەوان بۆخۆت دەزانی ڕۆژ و شەو ژانی هەیە

خۆ بەڵام چونکه لەلایەن تۆوه بوو، پێی سەر سەرە
ڕۆژوەوانیش کاتی ئێوارانه دەرمانی هەیه

تێروپڕ دەخوا، هەتا تێرتێر نەبێ ناکشێتەوە
جرت‌وفرتی لێ پەیا بێ، جا وچان‌دانی هەیە

بۆ تراکتۆر ناردبووت "سەیید"! ئەوا پێشکەش کرا
پیاوەکەت دەیگوت که ڕۆژێک کاری کێڵانی هەیە

گیانه "ئاوات" برسییه و بێ‌هێز، دەنا بۆ خزمەتت
حازره بێ، ‌چاو دەگێڕێ داخۆ کێ نانی هەیە
نامەی سەیید بۆ ئاوات

وەرنه سەر سەرچاوەکەی چاوم که سەیرانی هەیە
ڕوون و لێڵه جاربەجاره حاڵی سیروانی هەیە

گەرچی باریکه مژۆڵ بۆ بەردەبازی ڕێگەتان
کۆلکەداری ئاوەسووی من تاقەت و توانی هەیە

ماڵەکەم کۆن و بچووکه لایەقی ئێوەش نەبێ
ماڵی دڵ ئاوا هەراوه، جێی هەمووتانی هەیە

گەرچی وێرانه وەکوو "جەمیان" دڵم ئاو و هەوای
زۆر لەتیفه وەک قەریحەم تەبعی جەمیانی هەیە

گەر تراکتۆرێک هەبێ مەزرای دڵی من شێو بکا
لەم چیا سەرسەوزەدا مەودا وو مەیدانی هەیە

شین دەبێ تۆوی مراد ئاخر له مەزرای ئارەزوو
ئاسمان ئەمڕۆکه مەیلی تاوەبارانی هەیە

"سەیید" ئەمڕۆ ئیمتیحانی شانس و بەختی خۆی دەکا
تا بزانێ کاکه "کامیل" لوتفی جارانی هەیە؟
نامەی سەیید بۆ غالیب و ئاوات

"غالیب" و "ئاوات" دوو شەم بوون و دڵم پەروانەیەک
هەردەمه دوو جار دەسووتام من بەبێ پەروانەیەک

جارێ ئەو دەیبرد دڵم ئەو جارێ دەیهێنایەوە
دوو تەناف بوو بۆ دڵی تەنیام که کردبوویانه یەک

دەست و پێی دڵ بەستراوه، تابی زنجیری نییە
تاقه هەودایەک بەسه بۆ دەست و پێی دێوانەیەک

بۆیه دوو ساقی به دوو جام دێنه سەر ئاسۆی دڵم
دیاره بۆ مەستێک کەمه یەک ساقی و مەیخانەیەک

ڕەمزی عەشقه وا به دوو سەییاد بە دووی سەیدێکەوەن
گەر نه تەیری دڵ ئەسیر نابێ به داو و دانەیەک

من لەگەڵ خۆم و خودای خۆم عەهد و پەیمانم هەیە
بچمه سەر کەوسەر بەبێ‌وان نامەوێ پەیمانەیەک

"غالیب" و "ئاوات" دوو جانانەی منن، دڵ پێم‌دەڵێ:
تۆش دوو جار بمره "سەید"! هەرجاره بۆ جانانەیەک

سەیید: سەید قادری سەیادەت.
غالیب: حاجی سەید محەممەدی نوورانی، شێخی زەنبیل.
(لاپەڕە ٤٠٢ و ٤٠٣ و ٤٠٤ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit