ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٤١. نامەی ئاوات بۆ حەقیقی (٤)
ئەوا باکەی شەماڵ هێنای له خزمەت یارەکەم کاغەز
بەخێر بێ ڕۆحی شیرینم، گوڵی بێ‌خارەکەم، کاغەز

بە قوربانی وەفات بم چاوەکەم، مەمنوونی ئەلتافم
که لێت پرسیم و ناردت بۆ دڵەی ئاوارەکەم کاغەز

هەموو لەت‌لەت ببوو بەندی دڵم بێ‌لوتفەکەی یارم
دەوای کرد ناردی بۆ "کانی‌بەن"ێ دڵدارەکەم کاغەز

لەبەر ڕۆژوو نییه، بێ‌هێزی تۆم و دەردەداری تۆ
هەناوم هاته بەر، بوویه دەوای ئازارەکەم کاغەز

له بۆکانێ که کانی گەورەکانه تۆش لەوێی بۆیە
سەرم بەرز و بڵیند بوو هات لەجێی "سەردار"ەکەم کاغەز

"حەقیقی" تۆش حەقیقەت سەربڵیند و بەرز و ماقووڵی!
که کردته پەیکی ڕەحمەت بۆ دڵەی خەمبارەکەم کاغەز

ئەگەر دووره "ئیمامی" گوفتوگۆی بۆ ناکرێ جا چش
نییه فەرقی نزیک و دوور لەجێی گوفتارەکەم کاغەز

وەڵامی حەقیقی بۆ ئاوات

"ئیمامی"! نامەکەی نامی گەیشت و نامه سەرچاوم
له دووری تۆ دەبارێ داییما فرمێسکی خوێناوم

بەبێ مانگی موبارەک لێم حەرامه چاوەکەم بێ تۆ
پڵاو و گۆشت و دۆڵمه و مەشکەفی و فڕنی و هەلیماوم

لەبەر ڕۆژوو نییه، دووری له دینی تۆیه گەر مردووم
ئەجەل دەورم دەدات، هیوای ویسالی تۆیه گەر ماوم

ڕەفیقانت له هیجرانت بەجارێکی هەموو سووتان
به ناری عیشقی پاکی تۆ، به تەنیا من نەسووتاوم

که فەرمووته: فیداتان بم، وەرن ڕۆژی هیلاکەتمە
چ حاجەت هات‌وچۆ بەینی من و تۆ، بۆیه داماوم

له قوللەی قەلبی یاران خەیمەیی نازت وەها هەڵدا
له خانەخوێ و له میوان، غەیری تۆ نایێته بەرچاوم

له ڕێگای عەشقی تۆدا ڕەهڕەوانت هیچی ناوەستن
هەموویان "کامیل"ن وەک تۆن و هەر من سەر لەپێناوم

ئەگەر وابێ ئەوەی دۆستی "حەقیقی" بێ لەبیر ناچێ
به قەولی "کاعەزیز": بێت و نەیه، پێڵاوی سەرچاوم

(لاپەڕە ٤٠٠ ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)
کانی‌بەن، ١٣٣١ی هەتاوی (لاپەڕە ٣٩٩ ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit