ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٣٩. نامەی ئاوات بۆ حەقیقی (٢)
چ خۆش ‌بوو قاسیدی یار شێعری ئاودار و تەڕی هێنا
ژیاوه باغی هیواکەم، ئەوا بەرگ و بەری هێنا

هەزار ئەحسەن "حەقیقی" عەنبەرئەفشانی دەکا شێعرت!
فیدات بم، قاسیدت موژده و نەویدی خۆشتری هێنا

خەریک بووم من نساری ڕێت بکەم هەرچی مەڕ و ماڵە
کەچی ڕۆح هاته پێش، ماڵ و مەڕی لادا، سەری هێنا

له جوابی شێعری ئاودار و تەڕ و پاراوی تۆ "شاعیر"
بچووکی خۆت بە سەد زەحمەت دووسێ شێعری شڕی هێنا

به عەزمی کوشتنی ئەو شەخسه ئەمنی دوور له یاران کرد
برۆی تۆ خەنجەری کێشا، موژەی من نەشتەری هێنا

له دووریت مردبووم، ئەمما نەسیمی لوتفی تۆ دیسان
مەسیح‌ئاسا دەگەڵ خۆی نەشئەیی ڕۆح‌پەروەری هێنا

کەوا پارچەی غەزەل دەبڕین له دیوانی موحەببەت‌دا
ئەتۆ پشتی غەزەل دێنی، "ئیمامی" ئەستەڕی هێنا

وەڵامی حەقیقی

ئەوا سۆزەی بەیان دیسان پەیامی دڵبەری هێنا
نەسیمی ڕۆح‌پەروەر عەتری عوود و عەنبەری هێنا

شنەی بای مەرحەمەت دیسان لەلای کوێستانی "کانی‌بەن"
چ خۆش بۆنی هەڵاڵه و سوێسنه و سۆسەنبەری هێنا

نه زیندوو بووم نه مردوو نامەکەت ئاوی حەیاتی دام
نه قاسید بوو نه کاغەز ساقی ئاوی کەوسەری هێنا

له وێنەی سونبول و لاله و گوڵ و گوڵ‌ئەتڵەسی و شەوبۆ
حەریر و ئەتڵەس و جەرسه و قەنەوز و مەخمەری هێنا

له ڕووی نەخش و نیگاری پیره‌کوێستانی تەبیعەت بوو
موهەندیس چوو نموونەی ڕامسەر و بابولسەری هێنا

سزد گر زنده گردد مرده از نامت مسیح‌ئاسا
کەوا بۆ مەسکەنی "سەردار" نامەی سەروەری هێنا

عەزیزم شەرحی دووری تۆم شەوێکی تاکوو ڕۆژ نووسی
سبەینێ زوو قەڵەم ئیعلانی خەتمی دەفتەری هێنا

قیامی قامەتت بۆ ئەهلی دڵ قامی قیامەت بوو
قەتاری کۆچ و بارت بۆ موکریان مەحشەری هێنا

گڕی دڵ زۆر بەتینه وا زوو ناکووژێتەوه "کامیل"!
"حەقیقی" دەستەچیلەی دڵ، "ئیمامی" ئاگری هێنا

بۆکان، ١٣٣٢ی هەتاوی
(لاپەڕە ٣٩٦ ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)
کانی‌بەن، ١٣٣٢ی هەتاوی (لاپەڕە ٣٩٥ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit