ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٣٦. خەزانی گوڵ
دەڵێن ڕۆیی لەنێو مە، گیانە، ئەو زیبی گوڵستانە
بەڵام پێش چاوی دڵ هەر باقییە ئەو سەروی بوستانە

هەموو سەروی سەهی سەریان نەوی کرد، باغەوان ڕۆین١
گوڵیش وا خۆی ڕنی، لایێ خەزان، لایێ لەخۆدانە

خەزانی گوڵ بوو، ئەی دڵ بۆچی کەوتە هەڵبەزە و لەرزە
بە تەشریف چوونی ئەو بۆ جەننەتولمەئوایی جانانە

شەوی جومعە لە نیوەی ئاخری شەو ئەودەمەی خالیق
دەکا ئاواڵە دەرکی ڕەحمەتی بۆ هەرچی ئینسانە،

نزوولی ڕەحمەتی بۆ توریەتی ئەو ساحێب ئیحسانە
وەکوو ڕۆژ ئاشکرا بوو بەو شەوە، ئەو ڕێژنە بارانە

سەبا، قوربانی سروەت بم، بڕۆ خێرا بە تەڕدەستی
سەلامی ئاگرینی من بەرە بۆ ئەو سولەیمانە

بڵێ: سەر بێنەدەر لەو مەنزە پڕ فەیز و ئەنوارە
بزانە چۆن برازات بێ وجوودت ماڵی وێرانە

هەچی تۆی دیبوو، قوربان، خاوەنی عەقڵ و فەراسەت بوو،
ئەوا بێ هۆش و گۆش و بەخت و بەدبەخت و پەرێشانە

عەجایب مەحشەرت هێناوە بۆ ئەم باقیماوانەت
هەرایە، شین و قوڕپێوانە، واوەیلایە، گریانە

هەموو ڕەشپۆشە عەرز و ئاسمان، کێو و کەژ و سەحرا
سەدای ناڵین و هاوارە لە ماڵی خوێش و بێگانە

"ئیمامی" ماڵی کاول بوو، نەما هێزی، شکا باڵی
لەتاو مامی وەکوو بابی، لەژینی خۆی هەراسانە

١. لە دەقەکەدا وەک ڕویێن هاتووە کە دیارە هەڵەی تایپە.
ئاوات بە بۆنەی کۆچی دوایی نەمر حاجی بابەشێخی سەیادەت، مامی خۆیەوە چەند پارچە شیعری هۆندۆتەوە کە پیشاندەری خۆشەویستی و ئیحتیرامی زۆری بۆ ئەو کەسایەتییە ئایینی-سیاسییەی ناوچەکەیە.
قاقڵاوا، ١٣٣٨ ی هەتاوی
(لاپەڕە ١١١ و ١١٢ی چاپی ئەنیسی، لە چاپی جەعفەردا نەهاتووە)
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit