ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٢٠. بەهار
لەم سەری ساڵە سڵاو بۆ کوێستان
بۆ گژوگیا کە لە ئاسۆ وێستان

تاق وجووت لەشکری پیادە و سوارن
پێشڕەوی هێزی بەهارن، دیارن

چووزەڵەی هەڵز و کەما و ڕێواسان
ژینی لە نوێن هەموو، سووک و هاسان١

بە کوڕ وکیژ دەفرۆشن هەرزان
لە نسار و لە تەلان و بەرزان

'گڵە زەردە' وەکوو جاران بەرزە؟
تێر وپڕ هەر لە کەما و گیا و هەڵزە؟

یا نە، ڕووزەردە لە حاند کاتی بەهار،
سەرسپی و پیرەژنە سەر بەدەوار!

'کوڕەسووتەش' کە بلندە و زەنوێر
لە گوڵ و گیا وگژی کوێستانی تێر،

سەوز و شین بۆتەوە وەک ساڵی زوو؟
لە خەم و دەرد و پەژاران دەرچوو؟

مەڕە سووری لەسەرە و هەڵدەبەزن
کایەیانە لە سەری کاڕ و بزن

ئەوکەڕەت دێمەوە خوارێ لای خۆم٢
بۆ چەم و کێو و کەژ و سارای خۆم

'ڕووتە'! هەر ڕووتەڵ و بێ بەرگ و گیای؟
وەکو خۆت سارد و سڕ و بەرزە چیای؟ ٣

تۆ لە کوێستانی، ئەدی کوانێ کەمات؟
کوانێ گندۆرەت و مەندۆک و گیات؟

کوانێ بەیبۆنت و سوێسنە و شەوبۆت
پاش ملە هەقمە بڕازێنمەوە بۆت

هەموو کانیاوتە جێی گاڵتە وگەپ٤
چاوی کوێرن، چ لە ڕاست و چ لە چەپ!

کوانێ کارمامز و بزنی کێویت؟
نەخشی ئاسۆگتە گورگ و ڕێویت؟ !

بەڵێ، کوێستانی بەڵام بێ کەڵکی!
زەینێکی خۆت بدە کێوی خەڵکی

هەموو خەمڵین بە گڵۆکات، جوانن
دڵگرن، جێی کوڕ وکیژ، لاوانن

داوەشێی! بەردەمەکەت 'بەردەقەل'ە
شین و بژوێن و جوان، قیت و بەلە٥

خاوەنی کانی و ئاو، شیو و خڕە٦
لە گوڵ و گیا و زەمەند تێر و پڕە

خاوەنی سفرەیی سەد کیژ وکوڕە
سەدهەزار مەل لە سەری مات و کڕە

تۆش بڵند بوویەوە بۆ عاسمانێ
کانی عاسمانێ نی، دەعیەت دانێ!

وەرەوە خوارێ، بە هیچی بەرزی!
کێوێکی بەرزی، بەڵام ناتەرزی!

١. لە دیوانەکەدا وەک نووێن هاتووە.
٢. لە دەقەکەدا وەک خواری هاتووە.
٣. لە دەقەکەدا وەک گییای و چییای هاتووە.
٤. لە دەقەکەدا وەک کانیاووتە نووسراوە.
٥. لە دەقەکەدا وەک جووان نووسراوە.
٦. لە دەقەکەدا وەک کانی یو هاتووە.
(لاپەڕە ١٦٩ و ١٧٠ ی چاپی ئەنیسی. لە چاپی جەعفەردا نییە)

پەراوێز edit