ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢١٩. سروە بای بەهار
هات سروە بای بەهاری
بۆ ناوچەی کوردەواری

بوو بە هیوایەک لە نوێ
ڕۆژمان دەرکەوت لە سوێ

بە شنەشنی شەماڵ بوو
جێ دانگەی دێ بەتاڵ بوو

دای لە تۆقی سەری، توند
پرش و بڵاوی کرد کوند

شوانی هەوەڵ لە خۆشیان
کەوتە هەڵپەڕکێ و گەڕیان١

مەڕی جێ هێشت بۆ هاواڵ
بۆخۆی ڕووی کردە سەر یاڵ

ئەو کاتە بێ ترس و خەم
فیتووی لێدەدا بەدەم

لە بلوێری دەتووڕاند
کەیف و خۆشی خۆی دەنواند

بانگی کردە کیژ وکاڵ
دەیگوت دەرکەون لەماڵ!

هات کاتی بانەمەڕێ
تین لە وڵات دەگەڕێ

مەڵبەندمان گەرم دادێ
چ لە شار و چ لادێ

لاوان ڕێک بە دەستی جەم
دێنە دەر بێ ترس و خەم

هەرچی لەدڵیاندا بێ
ئەگەر لەبیریان مابێ

دەگێڕنەوە بۆ هاواڵ
وەخەبەر دێن کوڕ وکاڵ

مێگەل لەدێ دەرکەوتن
لەبن ڕەوەزان خەوتن

شوان هەڵترووشکان لایان
لە نسار و چیایان٢

خەم و پەژارەی زستان
هەموویان بردە کوێستان

کوێستان بەدەم بایدا دا
سەد چەل بەملا ولایدا دا

تا بوو بە تۆز پەژارە
ڕفاندی بۆ ئەو خوارە

ڕابردووی خۆی لەبیرچوو
لەپڕ خوێندی کوندەبوو

دالەرزی، ترسا دیسان
دەیگوت بێ بیرم ئینسان

کوند لە هەرکوێ بخوێنێ
ڕیشەی لەبن دەردێنێ

ئەو کوردەوارییە، پاکی
بەکوند وێرانە خاکی

شوانێکی دی لە سەرا
هاتە خوارەوە خێرا

گۆپاڵێکی پێبوو شوان
شێری دەهێنا ئامان

هەرگیز لە دەست نادەن هەل
کاتی بەهار، بەکۆمەڵ

دەبینن مەڵبەندی وان
چەند ڕەنگینە، چەند جوان٣

بێری چوونە مەڕدۆشین
بە پەنجەی نەرم و ڕەنگین

یەک خاتووزین، یەک شیرین
شیرینتر بوون لە هەنگوین

خەجێ و مەجێ و فاتمۆکێ
دەرکەوتن بۆ مەندۆکێ

بە هەڵپەڕکێ و پێکەنین
چوون بۆ مەندۆکان چنین

بزەیانە کیژ وکاڵ
بەزەیان نایە بەحاڵ

دەستی یەکتریان دەگرت
چەند جوان بوون درێژ و کورت!

سازیان دەکرد هەڵپەڕکێ
لە سەربان و بەردەرکێ

دەڵێن جەژنی سەری ساڵ
پیرۆز بێ لە کیژ وکاڵ

جێژنێکی کۆنی کوردە
وەرنە نێو وردە وردە

کەس نەمێنێ پیر ولاو
چ مێ، چ نێر، ژن و پیاو

دەست بگرن، ڕۆژی هاتە
وەدی هات ئەو ئاواتە، ٤

کە بوویان لە زستانێ
دەیانگوت ئاخ کوێستانێ! ٥

خاڵ و بەڵەک بێتەوە
بەفری لێ بتوێتەوە

چیغ و چادر دەرکەون
بێری دۆشان سەرکەون

تێکەڵ ببن کیژ وکاڵ
شەنگ و شۆخ و چاو کەژاڵ

ئەو چەلیش ئەوا دیمان
ئەو ئاواتەی وا بوومان!

١. لە دەقەکەدا وەک گەڕان هاتووە، کە هەڵەیە.
٢. لە دەقەکەدا وەک چییایان هاتووە.
٣. لە دەقەکەدا وەک چووان هاتووە.
٤. لە دەقەکەدا 'ئاواتە' خراوەتە نێوان دوو کەوانووکەوە، کە بە واتای ناسناوی شیعریی شاعیر بێت. من ئەو پەیوەندیدانە بە هەڵە دەزانم لەبەر ئەوەی واتای سەرەکی ڕستە و میسراعەکەی پێ لەدەست دەچێت کە ئارەزوو و خواست بێت. گومان لەوەدا نییە کە وشەی ئاوات ئیهامی تێدایە و هەم خواست و ئارەزوو هەم ئاواتی شاعیر خۆی دەگرێتەوە؛ ئەوە بە بێ کەوانووکەش هەر لە شوێنی خۆیدا دەبێت و پێویست بە ئاڵۆزکردنی مەسەلەکە ناکات.
٥. لە دەقەکەدا کوێسانێ نووسراوە. دڵنیام هەڵەی تایپە، دەنا سەروای زستانێ دەبێ کوێستانێ بێت.
(لاپەڕە ١٦٥ تا ١٦٨ ی چاپی ئەنیسی. لە چاپی جەعفەردا نییە)

پەراوێز edit