ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢١٨. بای وادە (٢)
هەڵنایە هەتاوی کاتی زستان
هەڵڵایە برا لە ڕۆژپەرستان!

ڕۆژێ لە نەکاو هەتاو وەدەرهات
ڕەحمێ بوو لە لای خودای سەماوات١

هات سروەیی بای خۆشی بەهاری
بەوبۆنەوە بۆنی گوڵ دەباری

شەونم لە گوڵان لەبەر دڵانە
جامێکی شەڕابی بولبولانە

جەرگ و دڵی عاشقی بڕیوە
ئەو خونچە کە وا یەخەی دڕیوە

نۆشی دڵییانە ئەو شەڕابە
وا جەرگی شەقایقیش کەبابە

دەنگی کەو و مەل لە کۆهساران
کاڕەی بز و مەڕ لە نێو حەساران

ناقوسی ژیانی کیژ وکاڵن٢
ڕێک چاوبڕی ڕێگەیی شەماڵن

بای وادە، بەخێرێ، وا بەڕێوە
پێی سەر سەرە چونکە ژینی پێوە

دەژیێتەوە هەرچی مرد بە زستان
دەشواتەوە چڵکی چاو و دەستان

هەی هەی چ بەهارێ دڵگوشایە!
سفرێکە کە خاوەنی خودایە

ڕەنگین بە هەزار جۆر و ڕەنگە
دێوجامەیی خۆیەتی، چ شەنگە!

هەرچی هەیە مار ومێرو، یا مەل
دەوری دەگرن بە گەل، بە کۆمەڵ

هەریەک بەشی خۆی دەبا جوێ جوێ
بەو سفرە، جیهانە جەرگی توێ توێ٣

ئەو خاوەنی سفرە، هەر خودایە
هەر بووشە، دەبێ، هەتاهەتایە٤

چەند شا و وەزیر و حاتەمی تەی
لەو ڕێگەیی سفرە پێ دەکەن پەی

چاو با لەوە پاش نەچێت و بنوێ
بنواڕێتە ئەو جیهانی لەنوێ

ڕازاوەتەوە بە ڕەنگ سەراسەر
خشڵی گوڵوکاتی کردەوە بەر

هەر جێگە دەبینی زێڕ وزێوە
هەر تیشکە لە هەرچی ژینی پێوە

وا دای لە کلیلە دوورزەنی هەور٥
تێکچوو بە بروسکە لەشکری جەور

ئەو خێوەتی وا سپی سپی بوو،
بەو دوورزەنی هەورە تێک تەپیبوو٦

لەو جێگە، کلیلە جوان و چاتر
وا گوڵ هەڵیداوە چیغ و چادر

کوێستان هەموو سوور و شین و زەنوێر
کانیاوی بەجارێ بوونە ئەستێر٧

ئەستێرەشە وا دڵی کزەی دێ
بۆ هاتنی سەر زەوی بزەی دێ

بۆ کاتی پشوو کە دێتە عەرزی
ماندوو بوو، بەزی، تەزی، لەبەرزی٨

مانگیش کە بە وێنە دێتە ئاوێ
خۆزگە لەپڕا دەکەوتە داوێ

هەرگیز نەدەهاتە دەر لە گۆمان
دەستی دەبڕا لە عەرز و ئاسمان

ئەو کاتەیە، خاڵە، لێم بەقینە
تەسخیری کورات لەسەر زەمینە

وانە کە دەڵێن دەچیتە ئاسمان
ناچن بە خودا، مەگەر بە سوڵتان

زانینە مرۆڤ دەباتە بەرزی
بڕوانە نەزانە هەر لەعەرزی

ئێمە لە زەوی، لە کا کەشانێ
ئەو عالەمە گەینە کاکەشانێ!

فەرقی مە دەگەڵ ئەوان بزانە
هەرلێرەوە تاکوو ئاسمانە٩

١. لە دیوانەکەدا وەک ڕەحمی هاتووە.
٢. لە دەقەکەدا وەک ژییانی هاتووە
٣. لە دەقەکەدا وەک جۆی جۆی و تۆی تۆی هاتووە بەڵام ئەوانە دەبێ کێشەی تایپ و نەبوونی پیتی بەڕێ وجێ بۆ وشە کوردییەکان لەو چاپخانەیە بێت کە کتێبەکەی تێدا چاپ کراوە.
٤. لە دەقەکەدا وەک بوشە هاتووە.
٥. لە دەقەکەدا وەک دوڕزەنی هاتووە. هەروەها چەند وشەی دیکەش بە یەک واو نووسراون: دوڕ، تێکچو، بروسکە.
٦. لێرەشدا وەک دوڕزەنی هاتووە. واوەکانیش بە یەک واو نووسراون: بوو، دوڕ، بو.
٧. لە دەقەکەدا وەک بونە نووسراوە.
٨. لە دەقەکەدا وەک ماندوبو هاتووە.
٩. لە دەقەکەدا وەک تاکو هاتووە.
(لاپەڕە ١٦٢ تا ١٦٤ ی چاپی ئەنیسی. لە چاپی جەعفەردا نییە)

پەراوێز edit