ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢١٥. ڕێگای عیشق
بە ڕێگای عیشقدا ڕۆیم بە سەرسەنگی، خەیاڵاوی١
بە دڵتەنگی، بە بێدەنگی، بە بێ ڕەنگی، بە داماوی

لە دەریای قووڵی بیر وخەم دەبێ کەنگێ دەرمبێنن
بە ڕەشپۆشی، بە بێهۆشی، بە ناخۆشی، بە خنکاوی

دەنا خۆ گەر بسووتێم من بە ئاوری عیشقی یار، ئاخۆ
بەڕێز ئەگرن وەکوو هیندوو، برا تەرمم بە سووتاوی؟ ٢

دەڕۆم بەو ڕێگەدا شەرتە هەتا ماوم بە یادی یار
بە هیوای دڵ، بە مەیلی دڵ، دڵێکی گەرم و ئاگراوی

کەچی بەو حاڵی بێحاڵم، کە دیتم داوەتە، ڕۆییم٣
بە هیوای بەژنی جوانی یار، کە زوو کەوتوومە نێو داوی

بەڵام دەسیان نەگرتم هەرچی هەوڵمدا، گەلی لاوان
دەیانگوت پیرە، خاوەن ڕیشە، با بڕوا لە ئاوایی!

وەدەرکەوتم، بزەی هات یار بەمن، ئەمنیش بزەم هاتێ
لەخۆشیان وەختەبوو بفڕم کە چەل چەل دایدەگرت چاوی

بەدڵ خۆم خستە بەرپێی بەڵکە پێ دانێ لەسەر چاوم
لەبەر برژۆڵ نەهات، فەرمووی کە سەر چاوێکە دڕواوی

ئەمن لاوێکی سوارچاک، تەقڵەباز بووم، ئەوێستاکە٤
کەچی پیرێکی کەوتووم، عومری خۆم دانا بە خۆڕایی

'ئیمامی' هەڵگرە دەستت لە هیوا و ئارەزوو و ئاوات٥
بەجارێ تێپەڕی تاف و زەمانی جوانی و لاوی

١. لە دەقەکەدا وەک ڕۆییم هاتووە.
٢. لە دەقەرکەدا وەک هیندو هاتووە.
٣. لە دەقەکەدا وەک ڕۆییم هاتووە.
٤. لە دەقەکەدا وەک 'تەقڵەباز بووم و ئەوێستاکە' هاتووە کە کێشی شیعرەکەی پێ لەنگ دەبێت.
٥. لە دەقەکەدا وشەی ئاوات خراوەتە نێوان دوو کەوانۆکەو: 'ئاوات' کە ئەگەر وا بکەین ئیهامە نزیکەکە واتە واتای ئارەزوو دەفەوتێت..
(لاپەڕە ١٧ و ١٨ ی چاپی ئەنیسی. لە دیوانی چاپی جەعفەردا نەهاتووە)

پەراوێز edit