ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢١٤. چوارینەکانی ٣١ تا ٣٥ (ئیخوانیات)
٣١
بۆ حاجی ڕەحمان ئاغای موهتەدی: ١

هاتن وچوونەکەت هاتن و چوونێکی دڵە٢
گیانەکەم هاتنەکەت بۆ مە شەپۆلێکی گوڵە
ڕۆینەوەت هەر وەکوو گیانە لە بەدەن دەچتە دەرێ
بۆیە دڵ هێندە لە دووت وێڵە، بە سۆز و بە کوڵە
٣٢
به لوتفی خۆت له حاڵم گەر دەپرسی
دەزانی پیره، تێره یا نه برسی!
ئەمن برسی له لێ‌پرسینی ئێوەم
نه برسیی نان و ئاوم کاک ئەنیسی!
٣٣
چاوی دڵ و هۆشی له ڕێگای تۆیه 'ئیمامی'
دووباره فیدای میهر و وەفای تۆیه 'ئیمامی'٣
دووریت وەکوو تیغێکه لەتی کردووه جەرگم
ئەمما بەوه چابوو دڵی لای تۆیه 'ئیمامی'
٣٤
نامەکەت هات و دڵ گەشایەوە
ئاگری دەروونم بەو کوژایەوە
یەک‌جار گرنگ بوو، گرێ پووچکەی دڵ
به وتەی خۆشی تۆ کرایەوە
٣٥
یاخوا هەردڵێک لە تۆ کلا بێ
لەژێر چەپۆکەی دەست وپلا بێ
قەت لە دونیادا نەحەسێتەوە٤
هەر کە کەشاکەش تلاوتلا بێ!

١. لە هەردوو چاپدا نووسراوە 'بۆ خوالێخۆشبوو حاجی رەحمان ئاغای موهتەدی'.
٢. چاپی ئەنیسی: هاتن و چونێکی دییە. لە ڕێگەی سەروای شیعرەکەوە دەزانرێ نابێ وا بێت.
٣. چاپی ئەنیسی: دوبارە
٤. چاپی ئەنیسی: دونیا
(بەشێک لە لاپەڕە ٢١١ تا ٢١٧ ی چاپی ئەنیسی و ٣٤٥ و ٣٥١ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit