ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢١١. چوارینەکانی ١٨ تا ٢١ و یەک تاک (غەرامی/ شەخسی)
١٨
دڵ بۆچییه لام نییه، نه ڕۆژ و نه شەوێ!
بۆچیمه که دەخولێتەوه هەر لێر و لەوێ؟
ئازیز! وەره دانیشه لە لای من تاوێ،
دەیدەم به تۆ ئەو دڵه ئەگەر تۆ بتەوێ١
١٩
جوانچاک! وەرە لام، کەمێ لە لام ڕۆنیشە
تۆخوا مەڵێ هیچه، پیره، خاوەن ڕیشە!
وەبزانه گوڵم که کۆلکەداری پیرم
تۆش بازی، وەره لە سەر سەرم هەڵنیشە!
٢٠
لە کاتی نۆجوانی خۆش بوو ژینم٢
بەڵام ئێستاکه پیرم، خۆشه شینم!
له مەشقی عیشقبازی‌دا کوڵیبووم٣
ئەوێستا بۆ بزەی لێو خۆشەچینم
٢١
هەرچاوەچاومه، بە تەمام یاری من که بێ
خۆم سەربڕم له پێشی، گیان ڕەستگار ئەبێ٤
جارێک دەسم دەسووتێ و مەحتەل دەمێنمەوە
جارێکی پێم لەجێ‌دەچێ، کەوتوومه دەست‌و‌پێ!
تاک
وێستا بە تەرزی سەروێ، لەرزی بە بای هەناسە
دەڕژا لە بەژنی بەرزی عیشوە بە جام و کاسە! ٥

١. چوارینەیەکی دیکە لە لاپەڕە ٢١٤ ی چاپی ئەنیسیدا هاتووە کە دووپاتکراوی چوارینەی ژمارە ١٨ یە تەنیا لە بەشی سەرەتای میسراعی یەکەمیدا ئاڵوگۆڕێک کراوە. من ئەو چوارینەیە وەک نەبوو سەیر دەکەم و ڕوونکرنەوەشی لەسەر دەنووسم. بڕوانە درێژەی ئەم بەشە.
٢. چاپی ئەنیسی: نۆجووانی
٣. چاپی ئەنیسی: کوڵی بوم
٤. چاپی ئەنیسی: پیشی... ڕەستگار ئەبی (دەبێ هەردوکیان هەڵەی تایپ بن).
٥. چاپی ئەنیسی: دەرژا (دەبێ هەڵەی تایپ بێت)
(بەشێک لە لاپەڕە ٢١١ تا ٢١٧ ی چاپی ئەنیسی و ٣٤٥ و ٣٥١ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit