ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢١٠. چوارینەکانی ١١ تا ١٧ (ئایینی / عیرفانی)
١١
نایێته زمان و قەڵەم و بیر و ڕا
تاریفی خوداییت، چ بکەم من ئەی خوا!
هەر هێنده بەسه بڵێم که تاق و تەنیای
هەر بووی و دەبی، هەتا هەتا بێ دنیا١
١٢
'کامیل' سەری سوڕماوه له ئاکاری تۆ!
ئاسمان و زەوی و گوڵشەن و گوڵزاری تۆ
هەرکەس که گرفتاری بەڵا بێت و خەمێ،
یا ڕەببی! به لوتف و مەرحەمەت، یاری تۆ٢
١٣
هەر تۆ له نەبوون ئەمەت دروست کرد خوایە!
هەرکەس که شکێ بکا له تۆ، گومڕایە
هەر تۆشی له بوونەوە دەمانخەیته نەبوون٣
ئەم بوون و نەبوونه گشت له دەس تۆدایە٤
١٤
هەر تۆشی هەڵتبژارد له عالەم پیاوێ
دوای نێوی ئەتۆ ئەوه، ئیتر پێی ناوێ
تاریفی بکەم که پاڵەوانانی جیهان٥
دەشکان له بەرامبەری، نەوێستان تاوێ
١٥
ئەوکاته به لەشکر و سپا، سەردار بوو
لێزان و بەبێ یاریدەدان زۆردار بوو
نەیتوانی که پشتی لێ‌بسێنێ دوژمن
کاتی شەڕوشۆر و جەنگ، گەلێ وشیار بوو٦
١٦
ئەوەندەی ڕووڕەش و خاوەن گوناهم
ئەوەندەش خاوەنی فەریاد و ئاهم
بە ئاهم بەخشە یا ڕەببی! گوناهم
سپی کە تۆ خوداییت ڕووی سیاهم
١٧
دەڵێی بەفری سەرانە پرچ و ڕیشم
کەچی هەر چارەڕەش، هەر پیسە ئیشم
کە لەم دونیایە بێ بەش مام و ڕووڕەش
خووا! باقڵ نییە دونیایی دیشم

١. چاپی ئەنیسی: بوی... دونیا
٢. چاپی ئەنیسی: مەڕحەمەتت. بەم گۆڕانکارییە تازەیە، کێشی شیعرەکەش چەشنە دەستکارییەکی بەسەردا دێت. لە چاپی جەعفەردا سەکتەیەک هەیە و لەچاپی ئەنیسیدا هەست بە زیادەیەک دەکرێت.
٣. چاپی ئەنیسی: هەرتۆشی لەبوون دیسان دەمانخەیتە نەبوون
٤. چاپی ئەنیسی: لەدەست تۆڕایە
٥. چاپی ئەنیسی: لە پاڵەوانانی جیهان
٦. چاپی جەعفەر: شەڕ و شووڕ. چاپی ئەنیسی: گەلی (دەبێ هەڵەی تایپ بێت)
(قاقڵاوا، ١٣٥٨ ی هەتاوی)
(چەند بەشێکی لاپەڕە ٢١٠ تا ٢١٧ ی چاپی ئەنیسی و ٣٤٥ تا ٣٥١ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit