ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٠٣. بەهاری ناخۆش
شەماڵ هات بۆ لام، سەربەقوڕ، عاجز
هەناسە سارد و خەمبار و دڵ کز

پێم‌کوت تۆ بۆ وای؟ جاران هەر به غار
دەتهێنا موژدەی فەسڵی نەوبەهار! ١

دەبوو زۆر بەشاش، ڕووخۆش و جوان بی
هێنەری موژدەی خێڵی گوڵان بی

وەڵامی داوه شەماڵ به دزە:
هاتم بۆ وڵات به شنه و کزە

که موژدەی نەورۆز بێنم بۆ هۆزم
چەکوشی گەردوون شکاندی پۆزم

دیتم له شیو و لاپاڵ و تەلان
دەنگی شیوەنه و واوەیلا و گریان

لە سەر چڵی دار هەزاران بولبول
وەک مەنجەڵ دەکوڵن، دەدەن قوڵت‌وکوڵ

سەد مەجنوونم دی، ڕووتەڵ له شاخان
به واوەیلا و شین، به ئاخ و داخان

بولبول بۆ گوڵ و مەجنوون بۆ لەیلا
وێکڕا دەیانکرد شین و واوەیلا

لە بیرم چۆوه پەیامی نەورۆز٢
بڵاوکەمەوه بۆ گەل و بۆ هۆز

شێت و شەیدا بووم هێندم خەم خواردن
ناچار جێم‌هێشتن، به خودام سپاردن

١. چاپی ئەنیسی نیشانەی پرسیاری لە کۆتایی فەردەکە داناوە.
٢. چاپی ئەنیسی: لەبیرم چووە
قاقڵاوا، ١٣٤٢ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٩٨ و ١٩٩ ی چاپی ئەنیسی و ٣٢٨ و ٣٢٩ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit