ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٠٢. سەفەری حەستەم
ئەو دەردی ئەوساڵ لە من ڕوویداوە
ئەو کۆڵەی بە پشت مندا دراوە، ١

ئاسن بام دەپوام، کێو بام، دەخزیم
پڵنگ و بەبر و شێر بام، دەبەزیم

هەر هەڵدەسووڕێم به دەم دەردەوە
دێوانه خۆمم به ڕووی هەردەوە

به پیری دەڕۆم بە پیر مەرگەوە
به ڕیشی سپی، به ڕووی زەردەوە

مەڵێن پیاوێکی هیچ و سەرسەریم
بۆ خزمەت کاکم دەڕۆم، سەفەریم

سەفەرێکی زۆر سەخت و حەستەمە
برسیم و کەوتووم، تێشووشم کەمە

چۆن ڕێ تەی بکەم، بگەم به مەنزڵ؟
به چاوی پڕ ئاو، به دڵی بەکوڵ

کاکم گیرفانی پڕ بوو له تێشوو
بۆیه وا ڕۆیی، خێرا زووبەزوو

پێشوازی هاتن ئەولیای قوبوور٢
بەڕێز گیرابوو له نزیک، له دوور

من قوڕبەسەر خۆم، بێ‌تۆشه و زادم
زار و زەعیف و بازاڕ کەسادم

نه لێره کەس بوو، ماڵ‌ئاواییم کا
نه لەوێش هەیه دڵ‌نەواییم کا

بەڵام هەر دەڕۆم، چارم ناچارە
دەچمه خزمەت ئەو شیرین‌سوارە٣

١. چاپی ئەنیسی: ئەو کۆڵی بە پشت
٢. چاپی ئەنیسی: قبور
٣. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: خزمەت. بۆ پاراستنی کێشی شیعرەکە واهەیە بکرێت وەک 'خزمەتی' بنووسرێت.
قاقڵاوا، ١٣٥٣ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٩٧ ١٩٨ ی چاپی ئەنیسی و ٣٢٦ و ٣٢٧ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit