ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٠٠. سۆزی دەروون
ئەی سۆزی دەروونی پڕ لەئێشم!
نۆمانگە کە دووری تۆ دەکێشم

دەرمانی هەموو برینەکانی
تیماری دڵی به‌ئێش و ژانی

داغانه، ئەوەندی دیوه مەینەت
جەرگیشی به سیخی خەم بووه لەت

ناڵەت که نەگا به گوێچکەیی کەس
قازانجی له ڕێ نییه، ئیتر بەس!

با بەس بێ، نەماوه حاڵ‌وباڵم
موددێکه به سۆزی تۆ دەناڵم

تۆ ئەی دڵی لەت‌لەت و بریندار!
ماڵ‌کاوڵ و هەڵوەدا و بێزار!

چەنده به‌پەرۆش و چەند کڵۆڵی!
چەند مات و فەقیر و خەم‌به‌کۆڵی!

ماوێکی وچان بده و بزانە
ئەو خالیقی عەرز و ئاسمانە

چۆن دەرکی ڕەحم دەکاتەوه لێت
چۆن لاشی دەبا چقڵ له سەر ڕێت

ئەو کاته دەزانی زولجەلالە
خاوه‌ن دەسەڵاتی بێ‌میسالە

پاش ئەو هەموو کۆسپه، جێژنی نەورۆز
نەورۆزێ که بۆ مه بێته پیرۆز

دەتوانێ له چاڵی قووڵی زیندان
بێنێته دەرێ گوڵێکی شادان

'کامیل' ئەوه تۆ و بەهاری شادی!
با نەمری، نەڕۆی به نامرادی
قاقڵاوا، ١٣٥١ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٩٤ و ١٩٥ ی چاپی ئەنیسی و ٣٢٢ و ٣٢٣ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit