ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٩٩. کاسەی بەتاڵ
ئەی زەمان، ئەی کات، ئەی ڕۆژی ڕەشم!
لە ئامانج، ئاوات، هیوا بێ بەشم١

تەمەن دوایی هات، هات نەهاتییە
ئامانج و تاسه هەر ئاواتییە٢

پیری بە جارێ زۆری سەندووە
سەر به لەشمەوه بە زۆر بەند بووە

هەر هاکا زانیت، بەربۆوه له لەش
بوو به گەپجاڕی منداڵی ڕووڕەش

با بەر ‌شەقی دەن لێره بۆ ئەوێ
وچانێ نەدەن نه ڕۆژ، نه شەوێ

بڵێن با بشکێ کاسەی وا بەتاڵ
هەر چاکه بێته گەپجاڕی مناڵ

منداڵ! سەد ئامان! نەهێڵن بشکێ
له چاوما ئابڕووی چەند ساڵەم بتکێ

دڵۆپەیێکه هەر تکا، تکا
بۆیه دەترسم، لێو دەکەم تکا

دەڕژێته سەر ڕووی بێ‌ڕەنگ و زەردم
ئەویش دەبێته سەرباری دەردم

منداڵ! نەهێڵن هێنده داماو بم
ئابڕووتکاو و زەردهەڵگەڕاو بم

ئاڵای کڵۆڵیم گەر بشنێتەوە
با ئابڕووم له چاو بمێنێتەوە

١. چاپی ئەنیسی: لە ئامانج، ئاوات، تاسە، بێ بەشم
٢. چاپی جەعفەر: ئەمانج. دەبێ هەڵەی تایپ بێت
قاقڵاوا، ١٣٤٨ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٩٣ و ١٩٤ ی چاپی ئەنیسی و ٣٣٠ و ٣٣١ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit