ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٩٧. هات و نەهات
بانگی خزمان و هاواڵان دەکەم
هات و نەهاتی خۆم بەیان دەکەم

پسام، هێند گەڕام هەر لێر و لەوێ
جارێکی به ڕۆژ، کاتێ به شەوێ

داخۆ دۆعای کێ له من کاری کرد؟ ١
خێڵی هەل و هات لای من باری کرد

لەم ماوەی ژینه که من ڕامبوارد٢
هەر خۆم به کاتی هەل و هات سپارد

کەچی هەر نەمدی کاتێ هەل دەهات
هەرکاتێ هەل هات، هاتم بۆ نەهات

سەد خەرمان گەڕام به دەستی خاڵی
سەد ئاشم لێ‌کرد، هیچم نەماڵی

هێشتا جەواڵم بێ گەنم و ئاردە
تەنووری دڵم هێشتا هەر ساردە

ئاخ دەمدی دەمێک تەندووری گەرم
نانێکم نەخوارد بێ‌ترس و شەرم٣

نازانم چەرخی زەمان هەر بۆ من
نەمامی ژینی کردم سەرەوبن؟

یا کار و پیشەی ئەو چەرخه کۆنە
هەر وایه؟ چونکی وشک و بێ‌ڕۆنە!

به ڕۆن چەور ئەبێ یا به خوێنی گەل؟
ئەو خوێنەش کەنگێ؟ ڕۆژی خۆشی هەل! ٤

یاخۆ وەک کوتم هەلم بۆ نایە
بۆیه گەل بۆ هەل هەر هەڵوەدایە

بەڵام قەیناکا، مافی خۆمانە
ئەم دەرکاودەرک و ئەم بانەوبانە٥

له هیچ لایێکی 'ئاوات' پێک‌نایە
دڵ هەر نەسرەوت له هیچ جێگایە

١. چاپی ئەنیسی: داخوا
٢. چاپی ئەنیسی: رامبووارد
٣. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: دەخوارد
٤. چاپی ئەنیسی: گەنگێ. دەبێ هەڵەی چاپ بێت.
٥. چاپی ئەنیسی: ئەم دەرک و ئەو دەرک، ئەم بان ئەوبانە
قاقڵاوا، ١٣٤٨ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٨٩ و ١٩٠ ی چاپی ئەنیسی و ٣١٤ و ٣١٥ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit