شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: هات و نەهات سەبارەت: قاقڵاوا، ١٣٤٨ی هەتاوی - (لاپەڕە ١٨٩ و ١٩٠ ی چاپی ئەنیسی و ٣١٤ و ٣١٥ ی چاپی جەعفەر) بانگی خزمان و هاواڵان دەکەم هات و نەهاتی خۆم بەیان دەکەم پسام، هێند گەڕام هەر لێر و لەوێ جارێکی به ڕۆژ، کاتێ به شەوێ داخۆ دۆعای کێ له من کاری کرد؟ ١ خێڵی هەل و هات لای من باری کرد لەم ماوەی ژینه که من ڕامبوارد٢ هەر خۆم به کاتی هەل و هات سپارد کەچی هەر نەمدی کاتێ هەل دەهات هەرکاتێ هەل هات، هاتم بۆ نەهات سەد خەرمان گەڕام به دەستی خاڵی سەد ئاشم لێ‌کرد، هیچم نەماڵی هێشتا جەواڵم بێ گەنم و ئاردە تەنووری دڵم هێشتا هەر ساردە ئاخ دەمدی دەمێک تەندووری گەرم نانێکم نەخوارد بێ‌ترس و شەرم٣ نازانم چەرخی زەمان هەر بۆ من نەمامی ژینی کردم سەرەوبن؟ یا کار و پیشەی ئەو چەرخه کۆنە هەر وایه؟ چونکی وشک و بێ‌ڕۆنە! به ڕۆن چەور ئەبێ یا به خوێنی گەل؟ ئەو خوێنەش کەنگێ؟ ڕۆژی خۆشی هەل! ٤ یاخۆ وەک کوتم هەلم بۆ نایە بۆیه گەل بۆ هەل هەر هەڵوەدایە بەڵام قەیناکا، مافی خۆمانە ئەم دەرکاودەرک و ئەم بانەوبانە٥ له هیچ لایێکی 'ئاوات' پێک‌نایە دڵ هەر نەسرەوت له هیچ جێگایە ١. چاپی ئەنیسی: داخوا ٢. چاپی ئەنیسی: رامبووارد ٣. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: دەخوارد ٤. چاپی ئەنیسی: گەنگێ. دەبێ هەڵەی چاپ بێت. ٥. چاپی ئەنیسی: ئەم دەرک و ئەو دەرک، ئەم بان ئەوبانە ++++++++++++++++++++++