ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٩٦. وەک مەسنەوی
ببیە لەو قامیشە، چۆنت پێ دەڵێ
پێت دەڵێ خێرا بە سۆزی من هەڵێ

سۆزی من، سۆزی دڵێکه ئاگرین
ئاگرێکه زۆر بەتین، پشکۆی ئەوین

هەر پڕیشکێکی دەبرژێنێ دڵێک
هەر بڵێسێکی دەپشکوێنێ گوڵێک

بەندبەنده نێو دەروونی پڕ زووخاو
وشک و ڕەق، ئەندامی دڵ تێدا نەماو

دڵ لەوێ ڕۆیی به یادی دڵبەری
دڵبەرێکی شۆخ‌وشەنگی وەک پەری

هەرکەسێ دەردی ئەوینی چەشتووە
شەربەتی مەرگی به لێوان مشتووە

هەر به ئاخ و داخەوه دەتلێتەوە
شێت و پەتیاره له کێو دەخولێتەوە

هەروەکوو مەجنوونی ماڵ‌وێرانه ئەو
ڕۆژ و شەو بێ‌چاره، سەرگەردانه ئەو

هەرکه بیستی دەنگی بلوێری شوان١
بەستی خێرایەک کەمەر بۆ ڕێی نەمان

ڕێگه چی؟ پڕ دڕک‌وداڵ و بەرد و چێو
هەر سەرەوژوور و سەرەوژێر، شاخ و کێو

چاڵ و چۆڵ و پڕ مەترسی و موشکیلات
لابەلا و هەڵدێر و ڕێی هات و نەهات

تۆ 'ئیمامی'! چاکه هەر بخولێیەوە
هەروەکوو شەم هەڵبیی و بتوێیەوە

١. چاپی ئەنیسی: شووان
قاقڵاوا، ١٣٤٥ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٨٧ و ١٨٨ ی چاپی ئەنیسی و ٣١٢ و ٣١٣ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit