ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٩٥. لەبەر چاوان دەکەوم
وردە وردە لەبەر دڵ و چاوان
دەکەوم، وادیارە، بێ تاوان١

سووچ و تاوانی من هەموو ماڵە
نیمه بیدەم بە کەس، دەنا خاڵە!

هەرچی پێویستی پیاوی وشیارە
لای منی چارەڕەش به خەڵوارە

شەرته ئەوچەل لەوانه خۆ وەدزم
ئەگه زانی، ئەزم دەنا خۆ، دزم!

خواروخێچی و دزی و درۆ کردن
بێ نەخۆشی به سەکته زوو مردن

مۆدی ئەمڕۆیه، ڕێزی لێ‌بگرە
عەیب‌وعاریش له هیچ کەسێ مەگرە

ئەوی ڕۆژباشی کردی، ڕۆژی باش
ئەوی نەیکرد، شتێکی سووری بە پاش٢

کەس به هاواری تۆ ئەگەر نایە
تۆش لەگەڵ ئەو کەسه مەکه کایە

ئەو کەسێکیش که دێ به هاوارت٣
بۆته دۆست و ڕەفیق و خەم‌خوارت

خۆت بە قوربانی وی بکەی چاکه
به ئیشاڕێکی ئەو هەڵێ، ڕاکە

ڕامەوەسته، بڵا ملت بشکێ٤
نەکوو ڕاوەستی، ئابڕووت بتکێ

پێت بڵێن هیچ‌وپووچه، کاتی خەبات
ڕادەوەستێ، هەتا دەبێ دەرفات

چاکه گەر پێت بڵێن له مەیدانا
هات و نەبزووت هەتا سەری دانا

ئافەرینت بکەن، نەوەک نەفرین
ژین نییه بایەخی، هەموو دەمرین

١. چاپی ئەنیسی: وا دییارە
٢. چاپی ئەنیسی: ئەوی نەیکرد شتێکی... . واتە مامۆستا ئەنیسی تەنز یان جنێوەکەی بە تەواوەتی نەنووسیوە. ئەوە لە ڕاستیدا لە سەر زمانی خەڵکی ناوچەکە هەیە کە دەڵێن 'شتێکی باشی بە پاش! ' کە لە چاپی جەعفەردا بووە بە 'شتێکی سووری بە پاش! ' و دوور نییە ئەوە شێوازەی پەندەکەش لە هەندێک شوێن بگوترێت. بەڵام بوونی 'باش' لەجیاتی 'سوور' و هێنانی لەگەڵ 'باش'، جیناسێکی ناتەواوی پێ دروست دەبێت کە لە باری سەنعەتی شیعرییەوە جوانە و لەلایەکی دیکەوە ئەو 'باش'ە ئیهامێکیشی تێدایە کە جنێوەکە توندتر دەکات لە کاتێکدا 'سوور' ئەو ئیهامەی نییە.
٣. چاپی ئەنیسی هەڵەیەکی تایپی تێکەوتووە. لەوێدا 'هاوارت' وەک 'هاوات' نووسراوە.
٤. چاپی ئەنیسی: بەڵا ملت بشکێ
قاقڵاوا، ١٣٥٠ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٨٢ تا ١٨٤ ی چاپی ئەنیسی و ٣٠٨ و ٣٠٩ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit