ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٨٦. کام خەبات؟
لەگەڵ یاری خۆم بەجوانی دەدوێم
بە چرای کوڵمیشی دەسووتێم، دەگریم

پێت بڵێم چۆنه ئەو یاری بەڕێز
خەیاڵ بۆ لای دێ، دەکشێ به پارێز

دڵڕفێن، چاومەست، بەژن و باڵا بەرز
کەڵەگەت، باریک، جوانچاک، شۆخ و تەرز

تۆ بی و خودای خۆت، سەرێک هەڵێنە
به نووکی غەمزه دڵەکەم دەربێنە

بیبه بۆ لای خۆت بیلاوێنەوە
له بۆتەی عەشقا بیتاوێنەوە

***

بزانه چی دەوێ پاش قاڵ‌بوون دڵم
دڵەکەم مەشکێنه، تۆ خواکەی گوڵم!

***

بەزەیەکت بێ به حاڵ‌وباڵی١
به هاوار و داد، به ناڵەناڵی

که دەرمانی کەی به پەنجەی جوانت
ئاخری بەکاردێ، دەستم دامانت

فریای نەکەوی، کاری کراوە
جەرگ و دڵی باش بۆت هەڵقرچاوە

تا نەچووه لە قیس ئەو دڵه پڕ کوڵە
تا نەبۆته چێشت بەو کوڵەکوڵە

له بۆتەی عەشقا دەریبێنەوە
وەکوو پێم‌کوتی بیلاوێنەوە

***

بزانه چی دەوێ پاش قاڵ‌بوون دڵم؟
دڵەکەم مەشکێنه، تۆ خواکەی گوڵم

***

دڵی شێت‌وپێت، سەرگەردان و وێڵ
ماندوو، هەڵوەدا و دوورکەوتوو له خێڵ

کێهه خێڵ؟ خێڵی لاوی نیشتمان
ئەوەی به پارێز دەچوون بۆ کوێستان

کام کوێستان؟ کێوی زەنوێری خەبات
کام خەبات؟ ئەوەی گەل دەدا نەجات

جێگای بەزەیه ئەو دڵه وێرانە
ئەو شێت‌وپێته، ئەو سەرگەردانە

له بۆتەی عەشقا دەریبێنەوە
وەکوو پێم‌گوتی بیلاوێنەوە

***

بزانه چی دەوێ پاش قاڵ‌بوون دڵم؟
دڵەکەم مەشکێنه، تۆ خواکەی گوڵم

١. کاتێ شیعرێکی بڕگەیی بە پێوانەی عەرووزی دەپێورێت، واهەیە لە تەقتیعدا هەندێک ناڕێک وپێکی پێک بێت. ئایا لەم میسراعەدا دەبێ بەزەیەکت بێ بنووسین یان بەزەییەکت بێ؟ ئەوە بۆ من کە لە تەقتیعدا هەندێک کۆڵم، جێگەی پرسیارە.
قاقڵاوا، ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی
(لاپەڕە ٢٨٤ و ٢٨٥ ی چاپی جەعفەر، لاچاپی ئەنیسیدا نەمدۆزییەوە)

پەراوێز edit